لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا و 4 کەسیش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی چوار کەسی دیکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئەیلوولی 2023 مینی پاسێک لە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی کاهتا سەر بە پارێزگای سەمسوور لە باکووری کوردستان وەرگەڕا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای رووداوەکە، هاووڵاتییان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردەوە و بە خێرایی بریندارەکان گوێزرانەوە نزیکترین نەخۆشخانە. دۆخی تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکانیش ناجێگیرە.
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 257373 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە و لە ئەنجامدا 1345 کەس گیانیان لەدەستداوە و 159235 کەسیش بریندار بوون.
ساڵی 2022ش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485048 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و 2282 کەس گیانیان لەدەستدا و 291151 کەسی دیکەش برینداربوون.