لە قەڵادزێ مامۆستایەک دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر دوو قوتابیی کوڕ
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە قوتابخانەیەکی شاری قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، مامۆستایەک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتەسەر دوو قوتابیی کوڕ. پەروەردەی راپەڕین دەڵێت، مامۆستاکە هەڵاتووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو لە زیاتر لە چوار سەرچاوەوە، هەفتەی رابردوو مامۆستایەک (لە رەگەزی نێر) لە پەروەردەی پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین، دەستدرێژی سێکسیی کردووەتەسەر دوو لە قوتابییەکانی کە کوڕن و لە قۆناخی بنەڕەتی خوێندوویانە و تەمەنیان نزیکەی 11 بۆ 12 ساڵە.
لەم بارەیەوە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023) یوسف جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راستە دەستدرێژی کراوە، بەڵام نە کاتی دەوام بووە و نە لەنێو قوتابخانەشدا بووە."
پەروەردەی راپەڕین لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە، بەڵام بە پاساوی "سەرەتای لێکۆڵینەوەیە''، ئامادە نەبوون هیچ لەسەر دۆسێکە بڵێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، منداڵەکان پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، دوای دڵنیابوونەوە لە دەستدرێژییەکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەرچووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی راپەڕین گوتی، "ئەو قوتابخانەیەی تۆمەتبارەکە بەڕێوەبەری بووە، هەڵوەشاوەتەوە و تەواوی قوتابییانی قوتابخانە براونەتە قوتابخانەیەکی دیکە."
یوسف جەلال دەڵێت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەرە تۆمەتبارەکە دەرکراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەستگیرنەکراوە و هەڵاتووە.
لەبارەی کەیسەکەوە، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەیسە لە ئاسایشە و رەوانەی پۆلیس نەکراوە."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتیشی، "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئاسایش دەبێت؛ ئەو کەیسە بێت یان هەر کەیسێک رەوانەی پۆلیس بکرێت، بەدڵنیاییەوە دەستبەجێ کاری تێدا دەکەین."
بە پاساوی "ناوچەکە زۆر کۆمەڵایەتییە" بەرپرسانی دیکەی کارگێڕیی ئاگادار لە دۆسێیەکە، ئامادەنین زانیاری زیاتر بخەنەڕوو و دەڵێن، دۆسێیەکە لە دادگەیە و دادوەر بڕیاری لەبارەوە دەدات.