وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی هەناری کوردستان دەگاتە 80 هەزار تۆن و بەشێکی هەناردەی کەنداو دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران دەڵێت، ئەمساڵ جگە لە پەتاتە، کە هەناردەکردنی بەردەوامە و پێنج هەزار تۆن دەگەیێننە وڵاتانی کەنداو، ئامادەکارییەکان بۆ هەناردەکردنی هەنار، سێو و هەنگوین لە قۆناخی کۆتاییدان. دەشڵێت، بەرهەمی هەنار دەگاتە 80 هەزار تۆن و هەڵەبجە شووناسی هەنارە و زۆرینەی بەرهەم لەوێیە.
رۆژی یەکشەممە 17ی ئەیلوولی 2023 رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و هاوکات سەرۆکی تیمی وەزارەتەکە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ ئامادەکاری کراوە بۆ هەناردەکردنی هەناری هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات و لەوێشەوە دەبرێتە وڵاتانی دیکەی کەنداو."
رزگار حەمەد خدر دەڵێت، ساڵی رابردوو دوو هەزار تۆن هەناری هەرێمی کوردستان، کە زۆرینەی هەناری هەڵەبجە بووە، هەناردەی ئیمارات کراوە. گوتیشی، "ئەمساڵیش لە رێگەی وەبەرهێنانەوە هەنار، سێو و هەنگوین هەناردەی ئیمارات دەکرێت؛ ئامادەکارییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە قۆناخی کۆتاییدایە."
زیاتر لە مانگێکە بەرهەمی پەتاتەی نێوخۆ هەناردەی ئیمارات دەکرێت. راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە و پێنج هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێتە ئیمارات و هەناردەکردنی بەردەوامە.
ئامادەکارییەکان بۆ هەناردەکردن بریتین لە شێوازی هەڵگرتنی هەنار، بڕوانامەی شوێنی پێگەیینی هەنارەکە و رێکارە کارگێڕییەکانی هەناردەکردن.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی بەرهەمی نێوخۆ، لەو چوارچێوەیەدا رزگار حەمەد خدر دەڵێت، ئەمساڵ راهێنان بە 1200 جووتیار و خاوەن باخ کراوە بۆ چۆنێتی باشترکردنی بەرهەمی میوە بە شێوەی ستانداردی جیهانی.
"بەرهەمی هەنار ساڵانە دەگاتە 80 هەزار تۆن"
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بە بەهەرمی هەناری هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بەگوێرەی رووبەری چێندراو، ئێمە پێشبینیی بەرهەمی هەنار دەکەین؛ نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەویی باخی بە هەنار چێندراو هەیە، هەر دۆنمێک لانیکەم 200 نەمامی تێدایە و هەر نەمامێک نزیکەی 20 کیلۆ بەرهەمی هەیە."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بێت، بەرهەمی هەنار لەکاتی پێگەیشتن تاوەکو کۆتاییهاتنی دەگاتە 80 هەزار تۆن.
رزگار حەمەد خدر گوتی، "هەڵەبجە شووناسی هەناری هەرێمی کوردستانە، لە 20 هەزار دۆنم زەویی بە هەنار چێندراو 9000یان لە هەڵەبجەدایە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە 30 هەزار تۆن."
یەک کیلۆ هەنار هەزار دینار باجی دەخرێتەسەر
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان باج دەخاتەسەر ئەو بەرهەمانەی لە وەرزی پێگەیشتندان. راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "ئەمساڵ بۆ یەک کیلۆ هەنار، هەزار دینار باج دانراوە بۆ هاوردەکردن، چونکە بەرهەمەکە پێداویستیی نێوخۆ پڕدەکاتەوە و باجەکەش بۆ پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆ و جووتیارانە و بۆ ئەوەیە بە باشی بەرهەمەکەیان ساخبکەنەوە."
هەناری هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەیلوولدا پێدەگات و تاوەکو 15ی مانگی 12 بەرهەم دەمێنێت.
شەش میوە و 20 جۆر سەوزە پێداویستی نێوخۆ پڕدەکەنەوە
رزگار حەمەد خدر، کە هاوکات سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە کاتی پێگەیشتنیاندا 20 جۆر سەوزە و شەش جۆر میوە پێداویستیی نێوخۆ پڕدەکەنەوە، بۆیە هەموویان لەکاتی پێگەیشتندا هاوردەکردنیان باجی دەخرێتەسەر، ئەویش بەگوێرەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی کوردستان.
بەرهەمی پەلەوەر هەناردە دەکرێت
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان 1840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بە شێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە. ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی سپی، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
هەروەها هەرێمی کوردستان رۆژانە 7000 کارتۆن هێلکەی پێویستە، بەڵام 13000 کارتۆن بەرهەم دەهێنێت؛ 6000 کارتۆنی هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات، کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار کارتۆن هێلکە.
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، دوای هەناردەکردنی پەتاتە، هەنار، سێو و هەنگوین، وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە پەلەوەرییەکان. گوتیشی، "ئیمارات دەروازەیەکی گرنگە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان و دەتوانین لەوێوە بیگەیێنینە وڵاتانی دیکەی کەنداو."