ئایدن مەعرووف: سیستمی کۆتا لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە وەک نەتەوە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەرەی تورکمانیی عێراق وەک نەتەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەڵێت، "سیستمی کۆتا لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە و دەستوەردان دەکرێت."
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هێڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، سیستمی کۆتا لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە رەتیان کردوەتەوە بەشێوەی کۆتا بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
بەرەی تورکمانیی عێراق لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ لە بازنەکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا بەربژێری لەنێو لیستەکانی دیکەدا هەیە.
بە گوتەی ئایدن مەعرووف، ئامانجییان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن خزمەتکردنی تورکمانەکانی عێراقە کە بە سێیەم نەتەوەی عێراق ناوی بردن.
لەبارەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیشەوە، ئایدن مەعرووف گوتی، "هەندێک لایەن دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان دەکەن، لە کاتێکدا پێکهاتەکان ئامانجیانە نوێنەرایەتی راستەقینە بکرێن."
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە.
لە کورسیی کۆتاکان زۆرترینیان بۆ کۆتای کریستیانە کە 5 کورسییە، ئەوانی دیکەش وەک کوردی شەبەک، ئێزدی و فەیلی و سابیئەی مەندائی، هەر یەکێکیان کورسییەکیان لە پەرلەمان هەیە.
بەگوێرەی مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای قەزا و ناحیەکان، پێکهاتەکان یەک بازنەی هەڵبژاردنیان دەبێ. بۆ نموونە دەنگدەرێک لە بەسرە دەتوانێت دەنگ بە بەربژێرێکی کۆتا لە بەغدا بدات یان دەنگدەرێک لە هەولێر دەتوانێ دەنگ بە کۆتای فەیلی لە پارێزگای واست بدات.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی سەبارەت بە سیستمی هەڵبژاردنەکە و دەنگدان گوتی، "پێکهاتەکان لەگەڵ یەک بازنەی هەڵبژاردن نین یان سندووقی تایبەتیان هەبێ کە پێکهاتەکان بە تایبەتی دەنگ بدەن."
ئایدن مەعرووف کە هاوکات وەزیری کاروباری پێکهاتەکانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخنەی ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گرت کە نوێنەری تورکمانی تێدا نییە و بە نادادپەروەرانە ناوی برد.
باسی لەوەشکرد، بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی پێ دەدرێ و بەشدارییان لە بڕیاری سیاسیدا هەیە.