کشتوکاڵی کرماشان: پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ 1.1 ملیۆن تۆن چەوەندەرمان هەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان دەڵێت، ئەم ساڵ چەوەندەر لە پارێزگاکە زیادی کردووە و پێشبینی دەکەن بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆن.
سەعید کەریمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان رایگەیاند، ئەم ساڵ لە 16 هەزار و 155 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە چەوەندەری بەهارە چێندراوە و بە پێی پێشبینییەکانیان ئەم ساڵ چەوەندەری پارێزگاکە دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان، تاوەکو ئێستا 411 هەزار و 534 تۆن چەوەندەر لە لایەن کارگەکانی شەکری نێوخۆی پارێزگاکە و پارێزگاکانی دیکەی ئێران کڕدراوە و رادەستکردنی چەوەندەر بە کارگەکان بەردەوامە.
کەریمی گوتی، لەسەر ئاستی پارێزگای کرماشان تێکرای بەرهەمهێنانی چەوەندەر لە یەک هێکتاردا نزیکەی 68 تۆنە.
پارێزگای کرماشان خاوەنی دوو کارگەی شەکرە؛ کارگەی شەکری بێستوون و شائاباد کە بەشێکی چەوەندەری پارێزگاکە وەردەگرن و بەشێکی دیکەی بەرهەمەکە بۆ کارگەکانی شەکر لە پارێزگاکانی هەمەدان، قەزوین، چوارمحال و بەختیاری، ئیسفەهان و خوزستان دەنێردرێت.
لە پارێزگای کرماشان 950 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی و باخ هەیە و ساڵانە بەرهەمی کەرتەکە زیاتر لە چوار ملیۆن و 700 هەزار تۆنە. هەروەها زیاتر لە 120 هەزار کەس لە کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکەدا کار دەکەن.