دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان: كێشە بۆ سەرژمێری ساڵی داهاتوو دروستدەبێت

 
رووداو - هەولێر 

 

جگە لە هەرێمی كوردستان، سەرجەم شارەكانی عێراق بودجەی سەرژمێریان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا هەرێمی كوردستان ئەو بودجەی پێنەدراوە ‌و سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیێنێت، بە حكومەتی عێراقیان گوتووە ئەگەر لە نزیكترین كاتدا ئەو بودجەیە وەرنەگرن، ئەوا ناتوانن ئامادەكاریی بۆ سەرژمێری 2020 بكەن.
 
سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیای رووداو)ـی راگەیاند، لە هەرسێ‌ كۆبوونەوەی  دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق، داوای بودجەی سەرژمێری هەرێمی كوردستانیان كردووە. بەشەكەی هەرێمی كوردستان كە پێنج ملیار و 608 ملیۆن دینارە.
 
بە گوتەی سیروان محەممەد "تاوەكو ئێستا بودجەکە نەگەیشتووە و ئەگەر لە نزیكترین كاتدا وەرینەگرین ناتوانین هیچ ئامادەكارییەك بۆ سەرژمێری بكەین، ئەوەشمان بە حكومەتی عێراق گوتووە، ئەوە دەبێتە كێشەیەكی گەورە بۆ سەرژمێرییەكە".
 
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد، لەبەرئەوەی سەرژمێرییەكە بە ئەلیكترۆنی دەكرێت، كات ‌و كاری زۆری دەوێت.
 
لەكۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق سێ‌ جار داوای ئەو بوودجەمان كردووە ‌و هەمووجارێكیش بەڵێندەدەن كە بوودجەكە دابینبكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچمان بەدەستنەگەیشتووە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە لە 30-10-2020 سەرژمێری گشتی لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.