دژەتیرۆری کوردستان: بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر
رووداو دیجیتاڵ
کەمێک لەمەوبەر، دەنگێکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر بیسترا و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە. دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە "درۆنی بۆمبڕێژکراو" هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
هاوکات، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگێکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر بیستراوە.
لای خۆیەوە، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەینی کاژێر 10:25، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کە پێشتر فڕۆکەخانەکە وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات."
هاونیشتمانییان چەند دیمەنێکیان بۆ رووداو ناردووە، تێیدا دەردەکەوێت دووکەڵێکی زۆر لە بنکەکە بەرزدەبێتەوە.
بنکەی سەربازیی هەریر لە کاتی شەڕی دژی داعش، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لەنێویدا ئەمریکای تێدا جێگیرکرابوون، بەڵام بەگوێرەی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە فڕۆکەخانەکە چۆڵکراوە و ئەو هێزانەی تێدا نەماوە.
دوایین جار رۆژی 11ـی ئەم مانگە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەکە. ئەوکات، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 12:35 خولەکی ئەمڕۆ شەممە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەریر کرا و لە نزیک هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە کەوتە خوار و تەقیوەتەوە."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و ئاگر لە کۆگەی فڕۆکەخانەکە کەوتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەوکاتی فڕۆکەخانەی هەریر راگەیاند و ڤیدیۆیەکی 25 چرکەیی هێرشەکەشی بڵاوکردەوە. گرووپەکە رایگەیاند: "موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی داگیرکاری ئەمریکیی لە هەریری باکووری عێراق بە دوو درۆن کردە ئامانج و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا."
درەنگیی شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممە، 14ـی تشرینی دووەمەوە سێ جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا و لە 17ی ئۆکتۆبەریشەوە تائێستا 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان.