ئۆتۆمبێلێک لە بەرزایی 150 مەترەوە لە جۆلەمێرگ کەوتە نێو ئاو و دوو کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان روویدا و ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ لە بەرزایی نزیکەی 150 مەترەوە کەوتە نێو ئاوی زێ و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
 
رووداوەکە لە ناوچەی سەرەسۆلان لە بەرزاییەکانی گەڤەر لە پارێزگای جۆلەمێرگ روویدا. شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستدا و بەو جۆرەش ئۆتۆمبێلەکە لە بەرزایی نزیکەی 150 مەترەوە کەوتە نێو ئاوی زێ.
 
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی ئافاد، تیمی گەڕان و رزگارکردنی هێزەکانی جەندرمە، فریاکەوتن و پۆلیس چوونە شوێنەکە و دوو کەسیان بە برینداری رزگارکرد و هەردووکیان بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
 
دواتر ئۆتۆمبێلەکە لەنێو ئاوەکە برایە دەرەوە و 2 کەس بە ناوەکانی ماجد دایان و سدقی دایان لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنران کە هەردووکیان مردبوون.