بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر (پەکەکە): هێزەکانمان لە زاپ بۆ ناوچەی گونجاو کشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی (پەکەکەی پێشوو) دەڵێت، لە رۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمەوە هێزەکانیان لە ناوچەی زاپ بۆ ناوچەی گونجاو کشاندووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر، ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2025، راگەیێندراوێكی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەی زاپی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی گەریلای سەر بە تەڤگەرەکەیان لە ناوچەی زاپەوە بۆ ناوچەی دیکە کشاندووەتەوە.
راگەیێندراوەکەدا بە واژۆی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە: "باوەڕمان وایە ئەم هەنگاوە نوێیەمان، خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و بەدیموکراسیکردنی تورکیا دەکات".
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەڵێت: "لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەی رۆژی 26ـی تشرینی یەکەم کە تێیدا 25 گەریلامان ئامادەبوون کە لە سنوورەکانی تورکیاوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کشابوونەوە، ئاماژەمان بەوەدا، لەو شوێنانەی سنوور کە ئەگەری پێکدادانیان لێدەکرێ، بۆ رێگریکردن لە هەر پێکدادانێک چاکسازی دەکەین. لەسەر بنەمای ئەو کارانەی ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان کردوویانە، لەو کاتەوە لە ناوچەی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامی گرنگ. لە ئێوارەی رۆژی 16ـی تشرینی دووەمەوە، ئەو هێزانەمان کە لە ناوچەی زاپ ئەگەری پێکدادانیان دروست دەکرد، بۆ ناوچەی دیکەی گونجاو کشێندراونەتەوە. واتە ئێستا مەترسیی پێکدادان لە ناوچەی ئاماژەپێکراو بەتەواوی لەنێوبراوە".
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی رایگەیاندووە: "دوابەدوای کشانەوەی ئەو هێزانەی گەریلامان کە لەنێو سنوورەکانی تورکیادا ئەگەری پێکدادانیان دروست دەکرد، ئەم کشانەوە و چاکسازییەی لە ناوچەی زاپ ئەنجاممانداوە، دەبێتە بەشداریکردنێکی کرداریی گرنگ بۆ گەشەکردن و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە لەلایەن رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پەرەی پێدراوە و جارێکی دیکەش سووربوونمان لەسەر پرۆسەکە دەخاتەڕوو. باوەڕمان وایە ئەم هەنگاوە نوێیەمان، خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و بەدیموکراسیکردنی تورکیا دەکات".
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەی چارەسەریەدایە کە لە تشرینی یەکەمی 2024 لە تورکیا دەستی پێکرد.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."