ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کوردستان و بۆچوونی حیزبەکان لەوبارەیەوە
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆخی سیاسی بە چەقبەستوویی ماوەتەوە و نەتوانراوە تەنانەت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبهێندرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نایانەوێت دۆخەکە بگاتە ئاستی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن. کۆمەڵی دادگەرییش بە فەرمی داوای دووبارەکردنەوەی کردووە و یەکگرتووی ئیسلامییش دەڵێت، "بێباکین."
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. بەپێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسیی بردەوە و بووە هێزی یەکەم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان کورسییەک و بزووتنەوەی گۆڕانیش کورسییەک.
پارتی: ئومێد دەکەین نەگاتە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن
پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرچەندە بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش هێزی دووەمەوەیە، بەڵام پێدەچێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت تەواو ئامادە بێت.
رۆژی شەممەی رابردوو 15-11-2025 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی "ئایا ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوتن؟" گوتی، "تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو بابەتە قسە نەکراوە، ئومێد دەکەین نەگاتە ئەوە."
یەکێتی: هەڵبژاردن بکرێتەوە هەمان ئەنجامی پێشووی دەبێت، بۆیە نەکردنەوەی باشترە
بەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و بە نزیکەیی، قەبارەی حیزبەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، ئەگەر نیازمان پێکهێنانی حکومەتە، با ئێستا رێکبکەون."
سەعدی پیرە دەشڵێت، "با نەبێتە خۆدەرخستن بۆ هەندێک لایەن، با پارەی ئەم گەلە خەرج نەکرێت، پارەکە بۆ خزمەتی گشتی پێویستترە، بۆیە پێویست ناکات خۆمان بە هەڵبژاردنێکەوە سەرقاڵ بکەین کە هەمان ئەنجامی پێشووی دەبێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رێگەیەکی باشتر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە پێشنیاز دەکات و دەشڵێت، "باشترە سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی خۆمان بین [حیزبەکان کێشەی نێوخۆیی چارەسەر بکەن]، چونکە کوردستان کێشەی نییە."
ئەندامێکی سەرکردایەتی: یەکگرتوو بێباکە لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا 7 کورسیی بردووەتەوە، "بێباکە" لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن و ئەندامێکی سەرکردایەتی دەڵێت، "لەکاتی چەقبەستنی سیاسی، لە هەموو وڵاتێک دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یەکێکە لە بژاردەکان."
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتوو قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "یەکگرتوو باسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی نەکردووە، ئەگەریش ئەو پرسە ببێتە باسی سەرەکی، باکی نییە و با بکرێتەوە، بەڵام دەبێت پێشوەختە ئەوە بزانین کە ئەمە چی دەگۆڕێت؟"
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو، "دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، زیانگەیاندنە بە لایەنی دەروونی و مادیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو نەبوون لە پێکهێنانی حکومەت، بۆیە باشتر وایە یەکێکیان ببنە ئۆپۆزیسیۆن."
کۆمەڵی دادگەری: لەبەر دوو هۆکار هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستە
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هەرچەندە سێ کورسیی لە خولی شەشەمدا مسۆگەر کرد، بەڵام ئامادە نەبوو بچێتە پەرلەمان و تاوەکو ئێستاش دوو لە بەربژێرە دەرچووەکانی سوێندی یاساییان نەخواردووە، یەکێکیشیان پێش سوێند خواردن، لە حیزبەکە دەرکرا.
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە ئاهەنگی ناساندنی بەربژێرەکانیان لە هەولێر، داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
هەر لەوبارەوە عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە پێمان وایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ساختەکاری کراوە و بە بەڵگە سەلماندوومانە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حیزبەکە گوتیشی، "تاوەکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە کۆببێتەوە، ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووەتە بەربەستی گەورە."
عەبدولستار مەجید لەبەر دوو هۆکار، پێیوایە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێویستە: "لەبەر ساختەکاری و کۆنەبوونەوەی پەرلەمان دوای زیاتر لە ساڵێک."