بیرەکانی دەوروبەری تاڵاوەکانی کرماشان پڕدەکرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای کرماشان دەڵێ، دەستیان بە پڕکردنەوەی بیرە بێ مۆڵەتەکان کردووە لەو پارێزگایە و بەتایبەت ئەو بیرانە پڕدەکەنەوە لە دەوروبەری تاڵاو و سەراوەکان لێدراون بۆ ئەوەی پێش بە وشکبوونیان بگرن.
 
بەهرام دەرویشی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە سەرەتای بەهارەوە 830 بیری ئاوی بێ مۆڵەت لەو پارێزگایە پڕکراونەتەوە و 131 بیریان لە دەوروبەری تاڵاو و سەراوەکانی شلە و هەشیلانی کرماشان بوون.
 
بە گوتەی بەهرام دەرویشی، پڕکردنەوەی ئەو بیرانە دەبێتەهۆی پاراستنی ساڵانە 7.5 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی ژێر زەوی کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر پێشگرتن لە وشکبوونی سەراو و تاڵاوەکانی شلە و هەشیلان دەبێ.
 
لە پارێزگای کرماشان 12 هەزار و 266 بیری ئاو مۆڵەتیان هەیە و ژمارەی بیرە بێ مۆڵەتەکان دیار نییە. بەشی هەرە زۆری بیرەکانی ئەو پارێزگایە لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێن و 10 هەزار و 285 بیری مۆڵەتپێدراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ لەو پارێزگایە هەن. 
 
پارێزگای کرماشان 950 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە زیاتر لە 4.5 ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە.