پیاوێک لە مهاباد هاوژینەکەی و خەزووری دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پیاوێک لە مهاباد بەهۆی کێشەی خێزانییەوە تەقە لە هاوژین و باوکی هاوژینی دەکات و بەو هۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
 
شەوی یەکشەممە 16-11-2025 کەسێک لەنێو شاری مهاباد تەقەی لە هاوژینەکەی، خەسوو و خەزووری کرد و بەو هۆیەوە هاوژینەکەی و خەزووری گیانیان لەدەستدا و خەسووشی بریندارە.
 
خەزووری پیاوەکە بەناوی خالید فەرهوش دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هاوژینەکەیشی بەناوی نەمام فەرهوش دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی مهاباد دەڵێ، بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، بکوژ بەهۆی کێشەی خێزانییەوە تەقەی لە هاوژین و باوکی هاوژینی کردووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە، هاوژینی ئەو پیاوە لە دادگە داوای جیابوونەوەی کردووە. ژن و پیاوەکە کچێک و کوڕێکیان هەیە.
 
بکوژ کە تەمەنی 43 ساڵە، دوای تەقەکردن لە ماڵی خەزووری هەڵاتووە و هێشتا دەستبەسەر نەکراوە. بە گوتەی ئەمیرڕەزا رەسووڵییان، بەڕێوەبەری پۆلیسی مهاباد، بکوژ هەڵاتووە و هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دەستبەسەرکردنی دەدەن.