دوای 27 رۆژ تەرمی کوردێکی رۆژئاوای کوردستان لە زێی گەورە لە هەولێر دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، تەرمی هاونیشتمانییەکیان لە زێی گەورە دۆزیوەتەوە، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسەی خنکاوە تەمەنی 16 ساڵە، 23ـی مانگی رابردوو لە کاتی مەلەکردندا خنکابوو".
ئەو هاونیشتمانییە ناوی بڵند مەڕوان مەحموودە و دانیشتووی کەمپی دارەشەکران بووە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
شاخەوان سەعید گوتی: "رووداوەکە تاوانکاری نەبووە، لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە و دوای گەڕانی چڕ لە 27 رۆژی رابردوودا ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە و رەوانەی دادپزیشکی کرا".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، شەوی رابردوو شەش هاونیشتمانی لە ئاوی زێی گەورەدا گیریان خواردووە و داوای هاوکارییان کردووە، دواتر تیمی رزگارکردن لە قەزای خەباتەوە بەهانایانەوە چوون و رزگاری کردوون.
شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ زیاتر لە 20 کەس لە سنوورەکەیان لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 کەس لە چەم و رووبارەکاندا خنکاون.