بارانبارین لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ لە مەریوان زۆرترین باران باریوە
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین سنووری مەریوانی پارێزگای سنە گرتووەتەوە. ئەمە یەکەم بارانی پاییزی ئەم ساڵە.
لە ماوەیەکی کەمدا بارانێکی زۆر باری و بووە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقامەکان.
لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین ئاستی بارانبارین لە پارێزگای سنە، لە شاری مەریوان تۆمارکراوە و زیاتر لە 30 ملیمەتر باران لەو شارە باریوە.
خەڵکی مەریوان بە بارینی باران دڵخۆشن، بەڵام هێشتا نیگەرانییەکانیان لەبارەی ئەگەری بەردەوامیی وشکەساڵی نەڕەویوەتەوە.
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەشەمین ساڵی وشکەساڵیدان و وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی کەموێنەی ئاو بووەتەوە و چەندین شاری گەورەی وەک تاران، کەرەج و مەشهەد کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
بە پێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سنە، شەپۆلی بارانبارینەکە لە سنووری پارێزگاکە تاوەکو کۆتایی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش پلەی گەرما دادەبەزێ و ئەگەری بارینی بەفر هەیە.