لە 7 مانگی رابردوودا 4 هەزار و 600 جیابوونەوە لە ورمێ تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی باری کەسێتیی پارێزگای ورمێ ئاماری نوێی لەبارەی هاوژینی و جیابوونەوە لەو پارێزگایە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکە، جیابوونەوەی هاوژینەکان لەو پارێزگایە بە رێژەی 6.5٪ زیادیکردووە، لە کاتێکدا هاوژینی بە رێژەی 5.28 ٪ کەمیکردووە.
سەعید ئەحمەدی، بەڕێوەبەری باری کەسێتیی پارێزگای ورمێ بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، جیابووەنەوە لە پارێزگاکەیان لە زیادبووندایە و لە 7 مانگی رابردوودا 4 هەزار و 600 جیابوونەوە تۆمارکراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری باری کەسێتیی پارێزگای ورمێ، جیابوونەوەی هاوژینەکان لەو پارێزگایەدا بەراورد بە پار بە رێژەی 6.5٪ زیادیکردووە؛ 237 جیابوونەوەی هاوژینەکان لە کاتێکدا بووە کەمتر لە یەک ساڵ بووە ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو.
سەعید ئەحمەدی ئاماژەی بە ئاماری هاوژینی لە پارێزگای ورمێش کرد و گوتی، لە 7 مانگی رابردوودا 12 هەزار و 505 هاوژینی لە پارێزگاکە تۆمارکراون کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 700 هاوژینی کەمتر بووە.
سەعید ئەحمەدی دەڵێ، پار لە هەمان ماوەدا 13 هەزار و 205 دۆسیەی پێکهێنانی هاوژینی لە پارێزگای ورمێ تۆمارکرابوو.
بەڕێوەبەری باری کەسێتیی پارێزگای ورمێ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا تێکرای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر ئاستی پارێزگاکە بۆ 58 هاوژینی لە رۆژێکدا دابەزیوە، لە کاتێکدا پار رۆژانە تێکرا 61 هاوژینی تۆمارکرابوو.