روونكردنەوەیەك لە هیوا جەمالەوە
رووداو- هەولێر
هیوا جەمال، رۆژنامەنووس و پێشەكەشكار لە تۆڕی میدیایی رووداو، چیرۆكی وەرگرتنی لەبەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، سەرۆكی بەشەكە دەیەوێت رێگری لێ بكات.
هیوا جەمال لە روونكردنەوەیەكدا چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێت "لە كۆی 14 داواكار، كە پێشبڕكێیان دەكرد بۆ 6 كورسی لە بەشی راگەیاندنی زانكۆی سەڵاحەدین، 5 كەس مەرجەكانی وەرگرتنی كورسییان تێدا بووە، بەڵام سەرۆكی بەش تاوەكو ئیستا رێگریی لە دەوامكردنیان دەكات".
هیوا جەمال ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، لە ئەنجامی دوو تاقیكردنەوەكەدا، كە لەبەشی راگەیاندن ئەنجامیداوە، 78%ی بەدەستهێناوە و نمرەی پەیمانگەشی زیاتر لە 75% ە، بەپێی ئەو بەڵگانەش، كە بڵاویكردوونەتەوە، لە رێككەوتی 3/12/2013 فەرمانی وەرگرتنی خۆیی و 4 كەسی دیكە دەرچووە، بەڵام دوای زیاتر لە 10 رۆژ، سەرۆكی بەشی راگەیاندن، بێ هیچ بیانوویەك نایەوێت ئەو خوێندكارانە داوام بكەن.
هیوا جەمال لە روونكردنەوەكەدا دەپرسێت، سەرۆکی حكومەت ئاگات لە حكومەتەكەت هەیە، كە چۆن بەڕێوە دەڕوات؟ كامەیە سیستەمی حكومڕانی دروست؟ خەڵك لەسەر مافی خۆی دەبێ ئەو هەموو كۆسپەی بۆ دروستبكرێت؟
دەقی روونكردنەوەكە:
چیرۆكی وەرگرتنم لە بەشی راگەیاندنی كۆلیزی ئەدەبیاتی زانكۆی سەلاحەدین
سەرۆكی بەشەكە دەیەوێت رێگرییی بكات
لە كۆی ١٤ داواكار كە پێشبڕكێیان دەكرد بۆ ٦ كورسی لە بەشی راگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین، ٥ كەس مەرجەكانی وەرگرتنی كورسییان تێدا بووە ، بەڵام سەرۆكی بەش تا ئیستا رێگریی لە دەوام كردنیان دەكات.
دوای ئەوەی من وەك هەموو ئەوانەی دەیانویست لە بەشی راگەیاندن وەربگیرێن، فۆرمی داواكارییم پڕكردەوە و سیڤیم برد، رۆژێك دیاریكرا بۆ تاقیكردنەوەی تەحریری، تاقیكردنەوەمان ئەنجامدا و رۆژی تاقیكردنەوەی زارەكیش دیاریكرا، بەگوێرەی سەرچاوەیەك لە بەشەكە، وەڵامی تەحریری من و كەسێكی دیكە لە باشترین وەڵامەكان بووە، لە رۆژی تاقیكردنەوەی زارەكیدا لیژنەیەكی ٥ كەسی دانیشتبون، كە بەڕێز، د. تاهیر حەسۆ، سەرۆكی بەشی راگەیاندن، سەرۆكی لیژنەكە بوو، دوای ناوی خۆم یەكەم پرسیار وتی خەڵكی كوێیت؟ وتم خەڵكی سلێمانیم، یەكسەر وتی "ئەتو برۆ دەرەوە خەڵكی سلێمانی وەر ناگرین" منیش لەراستیدا وام زانی بە گاڵتە ئەو قسەیە دەكات، بۆ ئەوەی تووڕەم بكات، بەڵام دەركەوت بەراستێتی و گوتی بەس خەڵكی هەولێر وەردەگرین، ئیتر ئەندامانی لیژنەكە گوتیان ئەوە باشترین قوتابی دەبێت و ئیستا لە هەولێر دادەنیشێت…. منیش وتم؛ مامۆستا من لە زانكۆی پۆلە تەكنیكی سلێمانی تەلەفۆنم بۆ كراوە كە وەردەگیرێم لەوێ، چونكە لە دە یەكەمەكەی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بەشی رۆژنامەنوسی بووم، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵەكەم ئیستا لە هەولێرە و هەر لێرەش دەمێنمەوە بۆ چەند ساڵێكی دیكە، ناتوانم لەوێ بخوێنم، بۆیە ئیستا بویمە هەولێری و دەتوانم لێرە بخوێنم، بەهەرحاڵ، بە نابەدڵی وتی پرسیاری لێبكەن،تاقیكردنەوەی زارەكیشم دا، بەپێی زانیارییەكانی لە سەرچاوەی باوەڕپێكراو دەستم كەوتووە، لە هەردوو تاقیكردنوەكەدا ٧٨ لە سەدم هێناوە.
بۆ بەشداری لە كێبڕكێكەدا، دەبوو نمرەی پەیمانگەت لە ٧٠ كەمتر نەبێت، من خۆشبەختانە ٧٥ و چەند پۆینتێكم هەیە…
لەدوای تاقیكردنەوەكان كە نزیكەی ٢٥ كەسێك ئەنجامماندا، تەنها ١٤ ناو نێردرابوون بۆ وەزارەت و قبوڵ مەركەزی، بەڵام ناوەكان بە شێوازی تێكەڵ، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە قبوڵ مەركەزی پێی وتم كە لەو ناوانە تەنها ٥ كەس مەرجەكانی وەرگرتنیان تێدا بووە.. جا لێرەدا كێشەیەك هەبووە، سەرۆكی بەشی راگەیاندن، بۆ شوێن ونكردن، ناوی منی خستبوە ناوەكانی خوارەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆماتیكی ٦ كەسی یەكەم دەستنیشان بكرێت و ئێمەی تێدا نەبێ، بەڵام دوای ئەوەی تا چوارەم مەرجەكانیان تێدا بوە، لە قبووڵ مەركەزی گەڕاون بەدوای ٢ دیكەدا بەڵام لەو ١٠ كەسە تەنها نمرەكانی من شمولی وەرگرتنی كردووە، بۆ یە منیشیان هێناوەتەوە شوێنی خۆی، بەكۆی وەرگیراوەكان تەنها ٥ كەس قبوڵ كراون…
دەمەوێ لێرەدا شتێك بڵێم؛ چەندین كەس لە هاوڕێكانم وتیان هەوڵ بدە واستە بكەیت، چونكە سەرۆكی بەشەكە وای پێ وتویت رەنگە كۆسپت بۆ دروست بكات، بەڵام من گوتم هیچ واستەیەك ناكەم، چونكە هەم لەسەرم دەكەوێت و هەمیش من رەخنە لەخەڵك دەگرم كە واستە بكەن ئیدی چۆن دەبێت خۆم ئەوە بكەم.. وتم ئەگەر بەهەقی خۆم وەرگیرام باشە، ئەگەر نا ئەوە كێشە نابێت، هاوڕێكانم وتیان لەم وڵاتەدا واستەت نەبێت مافی خۆشت وەرناگریت، بەڵام من هەر ناهاتمە ژێر بار، خۆشبەختانە چانسم هەبوو، قبوڵ مەركەزی واستەی نەویست و دادپەروەرانە ناوەكانیان جیا كردبۆوە، لێرەدا دان بەوەدا دەنێم كە ئەوان دادپەروەرانە مامەڵەیان كردوە..
بەپێی ئەو بەڵگەیەی كە بڵاوی دەكەمەوە، ناوی ئێمە لە ٢٠١٣/١٢/٣ فەرمانی وەرگرتنم دەرچوە، بەڵام دوای زیاتر لە ١٠ رۆژ زانیومانە، لەدوای ئەوەش، ئیستا سەرۆكی بەشی راگەیاندن، بێ هیچ بیانویەك نایەوێت ئەو خوێندكارانە داوام بكەن..
لەدوای فەرمانی وەزاریش، بەپێی زانیارییەكانم، كتابی كردوە بۆ ئەوەی ئێمە وەرنەگرێت و رەوانەی بەشی تۆماری زانكۆی سەلاحەدینی كردووە، بەڵام كتابەكەی رەتكراوەتەوە و پێی وتراوە كە فەرمانی وەزاری جێبەجێ دەكەن..
بۆ كێشەكە پەیوەندیم كرد بە د. عەلی سەعید، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە گوتی كە سەرۆك بەش ناتوانێت فەرمانی وەزاری رەت بكاتەوە، بۆیە ئەگەر ئەوەی ئێوە بەوشێوەیە بێت غەدرە لێتان دەكرێت..
دەبێت بپرسم؛
١. سەرۆی حكومەتی هەرێم ئاگات لە حكومەتەكەت هەیە كە چۆن بەڕێوە دەروات؟
٢. كامەیە سیستمی حكومڕانی درووست؟
٣. خەڵك لەسەر مافی خۆی دەبێ ئەوهەموو كۆسپەی بۆ دروست بكرێت؟
٤. ئێمە راگەیاندن كارین دەتوانین دەنگ هەڵبڕین، ئەی كێ لەوانە دەپرسێتەوە كە كەس دەنگیان نابیستێت؟