رێواز فایەق: رۆژی ئاڵای کوردستان دووجار بۆ گەلی کورد پیرۆزە
رووداو - هەولێر
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی ئاڵای کوردستان هاوکاتە لەگەڵ رۆژی دایک و دووجار بۆ گەلی کورد پیرۆزە.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "ئەم ئاڵایەی کە بەسەر سەرمانەوە دەشەکێتەوە مایەی شانازیی هەموو کوردێکە کە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی کۆماری مهاباد لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری مهاباد هەڵکرا".
رێواز فایەق ئاماژەی بەوە کرد دوای نیو سەدە خەونی گەلی کورد لە خەونەوە بوو بە واقیع و گوتی "بە درێژایی مێژوو مرۆڤی کورد خەون و ئاواتی گەورەی ئەوە بووە کە ئاڵای کوردستان بەسەر سەری و خاکە پیرۆزەکەیدا بشەکێتەوە. خۆشبەختانە ئەم هیوا و ئاواتەی گەلی کوردمان لە دوا راپەڕینی ئازاری 1991، دوای نیو سەدە بۆ جارێکی دیکە لە خەونەوە بوو بە واقیع".
سەرۆکی پەرلەمان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر بۆ هەر تاکێکی سەر ئەم گۆی زەوییە ئەم رۆژە یەک واتا و یەک پیرۆزیی هەبێت، بۆ ئێمەی کورد دووجار پیرۆزە، جارێکیان بۆ خۆشەویستیی دایکە و ئەوی دیکەش بۆ پیرۆزکردنی رۆژی ئاڵای کوردستانە".
ئەمڕۆ 17-12-2019 رۆژی ئاڵای کوردستانە، ساڵانە لەڕێگەی بەڕێوەچوونی چەند مەراسیمێکەوە رۆژەکە بەرز رادەگیرێت، ئەمساڵیش بە بەشداری سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم، بەرپرسان و هاووڵاتییان یادی رۆژی ئاڵای کوردستان کرایەوە.
دەقی پەیامەکەی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێزی مەراسیمی رۆژی ئاڵای کوردستان، لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا کۆمەڵێک سەروەری و داستان و نەبەردی هەن کە دواجار بوونەتە مایەی ئیلهامبەخشین بۆ هونەرمەندان و داهێنەرانی، تاوەکو بیکەن بە هێما و نیشانە و نەخشاندنی ئاڵاکەیان کە تێیدا سەرجەم قۆناغەکانی مێژوو و بەها پیرۆزە نەتەوەییەکانی رەنگبداتەوە. گەلی کوردیش وەک هەر گەلێکی دیکە خاوەنی سەتان داستان و شۆڕشی گەورەیە لە مێژوودا و لە هەر قۆناغێکی شۆڕشەکانیدا خاوەنی ئاڵای خۆی بووە، ئاڵایەک کە هەموو رەنگەکانی پێناسەن بۆ شۆڕش، ئاشتی، گیانبازی، ژینگەدۆستی و ژیاندۆستی. خۆشبەختانە ئەم ئاڵایەی کە بەسەر سەرمانەوە دەشەکێتەوە مایەی شانازیی هەموو کوردێکە کە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی کۆماری مهاباد لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری مهاباد هەڵکرا کە بە داخێکی زۆرەوە زۆری نەخایاند، بەهۆی پیلانی داگیرکەرانی کوردستان دواجار ئەزموونی یەکەم کۆماری کوردستان لەباربرا.
خۆشەویستانی ئامادەبووی ئەم رێوڕەسمە شکۆدارە، بە درێژایی مێژوو مرۆڤی کورد خەون و ئاواتی گەورەی ئەوە بووە کە ئاڵای کوردستان بەسەر سەری و خاکە پیرۆزەکەیدا بشەکێتەوە. خۆشبەختانە ئەم هیوا و ئاواتەی گەلی کوردمان لە دوا راپەڕینی ئازاری 1991، دوای نیو سەدە بۆ جارێکی دیکە لە خەونەوە بوو بە واقیع، لەپێناو بە رەسمی ناساندنی ئەم ئاڵا پیرۆزە لە ناوەندە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییشدا، پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە 48 رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی بە رۆژی ئاڵای کوردستان ناساند. لایەنێکی دیکەی ئەم بۆنەیە و جوانییەکی دیکەی ئەم بۆنەیە ئەوەیە کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی دایک، بۆ ئێمەی کورد ئەم مێژووە رەهەندێکی قوڵتر و زیاتر لە واتایەک دەبەخشێت، چونکە گەلێکجار مرۆڤ وابەستەیی خۆی بە خاک و نیشتمان و ئاڵا سەرکەشەکەی، بە پەیوەندیی نێوان خۆی و دایکی دەچووێنێت. بۆیە ئەگەر بۆ هەر تاکێکی سەر ئەم گۆی زەوییە ئەم رۆژە یەک واتا و یەک پیرۆزیی هەبێت، بۆ ئێمەی کورد دووجار پیرۆزە، جارێکیان بۆ خۆشەویستیی دایکە و ئەوی دیکەش بۆ پیرۆزکردنی رۆژی ئاڵای کوردستانە.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم بۆ بەشداریکردن لەم یادە شکۆدارە، هەروەها سوپاسی رێکخەران و ئامادەکارانی ئەم مەراسیمە شایستەیە دەکەم، خوای گەورە پشت و پەنامان بێت، سەرفرازی بۆ گەلی کورد، هەر بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.