17ی کانوونی یەکەم.. رۆژی ئاڵای کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانە لە رۆژی 17ی کانوونی یەکەمدا خەڵکی کوردستان بە بۆنەی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئاهەنگ و رێوڕەسم سازدەکەن. 
 
لەبارەی مێژوو و رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نەوشیروان مستەفا لە کتێبەکەیدا بەناوی "حکومەتی کوردستان.. کورد لە گەمەی یەکێتیی سۆڤیەت"دا دەڵێت، لە 26ی سەرماوەرزی ساڵی 1324، کە دەکاتە 16ی کانوونی یەکەمی 1945، کوردی پارێزگای ورمێ شاری مهابادیان لەژێر دەسەڵاتی ئەو کاتەی حکومەتی ئێران دەرهێنا، ئاڵای ئێرانیان هێنایە خوارەوە و ئاڵای کوردستانیان لە شوێنی هەڵکرد؛ دوای ئەویش لە نەغەدە و بۆکان و زۆر شوێنی دیکە ئاڵای کوردستان هەڵکرا. دە رۆژ دوای ئەوە و کاژێر 10ی سەرلەبەیانی، لە رێوڕەسمێکی پڕ لە دەربڕینی خۆشحاڵیدا و بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەممەد و نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکە، ئاڵای کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی لە شاری مهاباد هەڵکرا. 
 
تەمەنی کۆماری کوردستان لە مهاباد کورت بوو، بەڵام پاراستنی شکۆی ئاڵای کوردستان و شەکاوەبوونی هەمیشە لای کورد و سەرکردەکانی بە پیرۆزی ماوەتەوە. 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی  لەو بارەوە دەڵێت: "من بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لە یەکەمین کۆماری کوردستان لە مهاباد لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان لەدایکبووم و دەشمەوێت لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستانێکی سەربەخۆدا بمرم". 
 
رۆژی 6/10/2017 تەرمی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق بە فڕۆکەیەکی تایبەت و بە داپۆشینی  ئاڵای کوردستان گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان. 
 
راپەڕینی ساڵی 1991ی خەڵکی کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناخێکی گرنگە لە مێژووی گەلی کورددا. پەرلەمانی کوردستان لە 4/10/1992دا فیدراڵی راگەیاند و ساڵی 2004 رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکرد. 
پەرلەمانی کوردستان ئاڵای کوردستانی وەک ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستان ناساند و رەنگەکانیشی دیاریکرد و ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاراستەی بەرزراگرتنی ئاڵای کوردستان. 
 
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هێزە عێراقییەکان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ئاڵای کوردستانیان هێنایەخوارەوە، بەڵام لەدوای دروستبوونەوەی جووڵە دیپلۆماسییەکان و سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەت بۆ پاریس و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ، ئاڵای کوردستان دانرا. ئەمەش وەک چاودێران باسی دەکەن، پەیامێکی روون بوو بۆ بەرپرسانی عێراق و ناوچەکە، بۆ شکاندنی گەمارۆی دیپلۆماسی سەر کوردستان و دەستبەردارنەبوونی گەلی کورد.