بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی: مەترسیی روودانی لافاو هێشتا ماوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێمە لە قۆناخی سەرەتای شەپۆلی باران بارینداین، رۆژی دووشەممە قۆناخی دووەمی شەپۆلەكە دەستپێدەكاتەوە و تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تەلەفزیۆنی رووداودا رایگەیاند: ئەو شەپۆلی بارانبارینەی لە دوێنێ شەوەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوورەوە، دروستبووە و رێژەیەكی زۆری باران لە ماوەیەكی كورتدا باری.
بەپێی ئاماری کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو شەپۆلەوە لە تێکڕای سنووری پارێزگای هەولێر 73 مللیمەتر باران باریوە، لە سەنتەری شاری هەولێر نزیكەی 60 مللیمەتر باران باریوە. لە باكووری هەولێر لە پیرمام بۆ خوارەوە نزیكەی 83 مللیمەتر و لە بەشی خوارووی هەولێر لە ناوچەی شەمامك تاوەكو دەشتی هەولێر نزیكەی 77 مللیمەتر باران باریوە.
لەبارەی وادەی كۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارینەكە، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە قۆناخی سەرەتای شەپۆلی باران بارینداین. قۆناخی یەكەمی شەپۆلەكە لە نیوەشەوی رۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە بەردەوام دەبێت، پاشان سەقامگیرییەكی كاتی بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بۆ رۆژی دووشەممە قۆناخی دووەمی شەپۆلەكە دەستپێدەكاتەوە".
فازڵ ئیبراهیم زانیاری لە بارەی قۆناخی دووەمی شەپۆلی بارانبارینەکە باسکرد و گوتی: "قۆناخی دووەمی شەپۆلەکە جیاواز دەبێت، بەهۆی بارستەی كەشوهەوایەكی ساردەوە كاریگەری دەبێت بەسەر ناوچەكە و پلەكانی گەرما دادەبەزن و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت. پێشبینی دەكرێت رێژەیەكی باشی بەفربارین لە قۆناخی دووەم دەستپێبكات. بەفربارین لە شەوی سێشەممەوە دەبارێت تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. شەپۆلی بەفربارین زنجیرە چیاكانی سەفین لە سنووری پارێزگای هەولێریش دەگرێتەوە. رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو شەپۆلی باران و بەفرەکە كۆتایی دێت".
سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی لافاوی هاوشێوەی هەولێر، فازڵ ئیبراهیم گوتی: "پێشبینی دەكرێت ئاراستەی شەپۆلەكە بەرەو كۆیە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بچێت. هەر ئەمشەو بارانی بەلێزمە ببارێت و هەورەتریشقەشی لەگەڵ بێت.
لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، فازل ئیبراهیم گوتی، ئەگەر دیسان لە ماوەیەكی كورتدا باران بەڕێژەیەكی زۆر ببارێت، رەنگە ئاوەڕۆكان بەرگە نەگرێت و لافاو دروست ببێتەوە. كاریگەرییەكانی باران بارین لەسەر هەولێر ماوە بەتایبەتی لە بەشی رۆژهەڵاتدا.
باسی لەوەشكرد، رەنگە ئاستی بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتر بێت، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمترە.
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد، كە سەرەڕای زیانە گیانی و ماددییەکانی بە داخەوە، شەپۆلی باران بارینەكە، لە رووی كشتوكاڵییەوە سوودێكی باشی لێوەردەگیرێت بەتایبەتی زاراوەی پەڵەدان كە لە زانستی كشتوكاڵییەوە بەكاریدەهێنن لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆڵە و تەواوبوونی قۆناخی دووەمیش پەڵی دەدات. بەگوێرەی ئەم رێژەی بارانبارینە زەوی تاوەکو ئاستێكی باش ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی وەرزی چاندن دەستپێبكات.
لە دوێنێ شەوەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی هەولێر بارانی بەخوڕ باری و لافاوی لێکەوتەوە. بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەهۆی لافاوەکەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەوە دووەمجارە لافاو لە شاری هەولێر زیانی گیانی لێبکەوێتەوە، ساڵی 2018ش بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، منداڵێک لە گەڕەکی نەورۆزی شاری هەولێر گیانی لەدەستدا.