لافاوەکەی هەولێر زیانی بە سەتان ئۆتۆمبێل گەیاندووە


رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی رۆژی هەینییە و ئەو دیمەنەی دەیبینن گەڕەکی رۆشنبیرییە لە هەولێر، بارانی رەحمەت ئەمجارەش بووە زەحمەت بۆ بەشێک لە دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی هەولێر. ئەنجامی بارینی نزیکەی 59.2 ملیمەتر باران لە سەنتەری شار، هەروەها لە سنووری ناحیەی شەمامک زیاتر لە 72 ملیمەتر، بووە لافاو و کارەساتی دروستکرد.
 
لە شارۆچکەکانی دارەتوو، قوشتەپە، شەمامک، گردجووتیار، بەحرکە، هەروەها گەڕەکی رۆشنبیری و چەند شوێنێکی دیکە لافاو زیانی گیانی و دارایی زۆری گەیاند.
 
لە ماڵێکدا خێزانێکی 24 کەسی دەژین، بەشی پشتەوەی خانووەکەیان لافاو رووخاندوویەتی، بە دڵی پڕەوە بۆیان باسکردین چۆن بە زەحمەت خۆیان و منداڵەکانیان رزگارکردووە. 
 
عیماد خالید، زەرەرمەندی لافاوە و باس لەوە دەکات کە لەکاتی لافاوەکەدا خێزانێک منداڵێکیان کەوتووەتە لافاوەوە، ئەو خۆی هەڵداوە و منداڵەکەی دەرهێناوەتەوە، پاشان بە فریاگوزاریی سەرەتایی توانیویەتی هەناسەی بۆ بگێڕێتەوە. دەشڵێت، بەهۆی باوکی ئەوەوە دەیان کەس رزگاریان بووە، چونکە هاواری کردووە و تەقەی کردووە تاوەکو خەڵکەکە بەئاگا بێنەوە. 
 
هەر لەو ناوچەیە چووینە ماڵی رووخاوی دوو هاوژینی مامۆستا، قوڕولیتە هەموو سوچێکی داپۆشیوە، کاروان رەسوول زیانمەندی لافاوە و دەڵێت، سەرەتا خۆیان رزگارکردووە، پاشان گەڕاونەتەوە بۆ لای ماڵەکەیان و بینیویەتی کە ئۆتۆمبێلەکەی زیانی بەرکەوتووە و ئاو چووەتە نێو ماڵەکەیەوە.
 
لافاوەکە چەندین ئۆتۆمبێل و سەر ئاژەڵیشی لەگەڵ خۆیدا بردووە، ئافرەتێک ئاماژە بۆ ملی دەکات و دەڵێت، ئاو تاوەکو ئێرەم هاتبوو، منداڵەکەم نایە سەر دیوارەکە و ژنێک هات رزگاری کرد. پیاوێکیش قسە دەکات و دەڵێت، خۆی و کوڕەکانی سێ ئۆتۆمبێلیان ئاو بردوویەتی و نەیانبینیوەتەوە. 
 
جیا لە ماڵان، لافاو زیانی بە باڵەخانەیەکی بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەتی کوڕان گەیاند، بۆ سەلامەتی و چاکردنەوەی بەپەلەی ئەو بەشەی شەهید شەوکەت دەوامی زانکۆی سەلاحەدین بۆ هەفتەیەک راگیرا. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ بەدواداچوون و گەیاندنی فریاگوزاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و وەزیرەکان ئەنجامدا، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکدەهێنن.
 
لە لافاوەکەی رۆژی هەینی، 12 کەس گیانیان لەدەستدا کە تەرمی کەسێکیان نەدۆزراوەتەوە، تەنیا لە قوشتەپە زیاتر لە 50 سەرئاژەڵ مرداربوون و نزیكەی 200 ماڵ و 50 دووکان ژێرئاوكەوتوون، سەتان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە.