تەرمی ئاکام عومەر گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە تەرمی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و بە رێوڕەسمێکی سەربازی پێشوازی لێکرا.
 
رۆژی شەممە، 17-12-2022، تەرمی ئاکام عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیاوە گەیشتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و بڕیارە لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی شاری هەولێر بە خاک بسپێردرێت.
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی گوتی، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک بەرپرسی حیزبی و حکومی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی رێوڕەسمێک بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی ئاکام عومەر رێکخراوە و هاوکات لە بارەگای یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لەو فەرماندەیە بەڕێوەدەچێت.

 

 
ئاکام عومەر لەدایکبووی هەولێرە و بڕیارە دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، هەر ئەمڕۆ تەرمەکەی رەوانەی هەولێر بکرێت و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە رێورەسمێکی گەورەدا بەخاک بسپێردرێت. 

 

 
ئاکام عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رۆژی 19-10-2022 فەرماندەیی هێزێکی کۆماندۆی دەکرد بۆ کێوماڵکردنی ناوچەی زینانە لە گەرمیان و لەکاتی گەڕانەوەیاندا تۆڕێکی مین پێیاندا تەقییەوە و بەهۆیەوە ئاکام عومەر و حەوت پێشمەرگەی دیکە برینداربوون، دوای مانەوەی 10 رۆژ لە نەخۆشخانەی فارووق، بەهۆی قورسی برینەکەی رۆژی 19-10-2022 بۆ چارەسەر رەوانەی ئەڵمانیا کرا و رۆژی 12-12-2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.