بهيانيى ئهمڕۆ (يهكشهممه، 17-12-2023) له رۆژى ئاڵاى كوردستاندا، له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان به بهشداريى نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، رێوڕهسمى بەرزکردنەوەی ئاڵاى كوردستان بهڕێوهچوو.
له رێوڕهسمهكهدا نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد، باسی لە گرنگیی ئاڵای کوردستان بۆ کورد و پێکهاتەکانی کوردستان کرد و گوتی "ئەم ئاڵایە، لەگەڵ ئەوەدا کە ئاماژەیە بۆ یەک نیشتمان، یەک به یەکی دڵانى ئەم نیشتمانەش لە هەركوێ بن بە كورد و بە هەموو پێكهاتەكانی ترەوە پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە با بەرزکردنەوەی ئاڵا لەمڕۆدا، ئەو پەیمانەش لە دەروونماندا نوێ بکاتەوە کە دووبەرەکی تێپەڕێنین، رێزی جیاوازییەکانمان بگرین و پێکەوە نەتەوەیەک بنیاد بنێین."
لە ساڵی 1999 بە بڕیاری ژمارە 26 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 14ـی ئاڵای هەرێمی کوردستان دەرکرا، کە لە 10 ماددە پێکهاتووە. دوای 10 ساڵ و لە رۆژی 19-6-2009 پەرلەمان لە دانیشتنێکی تایبەتدا، رۆژی 17ـی 12 هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی ئاڵا دیاریکرد، کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە پەسندکرا، ئەم رۆژەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی هەڵکردنی ئاڵا لە کۆماری کوردستان.
زیاتر لەبارەی ئاڵای کوردستان بزانە لەم فیچەرەی رووداو:
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
کەسوکاری خۆشهويست و سهربهرزى شەهیدان،
پێشمەرگە قارهمانهكان،
هێزهكانى ناوخۆ، پارێزهرانى ئهزموونهكهمان
كوردستانييانى ئازيز لێره و له ههر شوێنێكى جيهان بن،
ڕۆژی ئاڵاتان لێ پیرۆز بێت..
له ڕۆژى پيرۆزى ئاڵای کوردستاندا کە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، با هەر شەکانەوەیەکی لە بهرزاييدا، هێزی بەردەوامیی و پێکەوەیيی گەلەکەمان، به بيرمان بهێنێتهوه.
ئاڵاى كوردستان، تابلۆیەکى ڕهنگينه، بە خوێنی شەهیدان و بە ویستی تێکوشان و پێکەوەژیانی هەموو ئەوانهى کوردستان بە ماڵ و نیشتمانی خۆیان دەزانن، نەخشێندراوە.
با ڕەنگەکانی ئاڵاكەمان لە دەروونی ئێمەدا، ویست و بەها باڵاکان وەئاگابهێنن. رەنگی سپی، ویستی دادپەروەری و ئاشتی و پێکەوەژیانە. رەنگی سەوز، ویستی ژیانەوە و بەردەوامی و تێکۆشانە. رەنگی سوور، ویستی بەرخودان و بەرەنگاربوونەوە و پیرۆزیی خوێنی شەهیدانی رێگەی ئازادیی كوردستانە. با خۆری زەردی سەر ئاڵاکەمان، ببێتە هەوێنی هیوا و ئاوات و ئومێدمان، بۆ گەیشتن بە مافی چارەیخۆنووسین.
ئەم ئاڵایە، لەگەڵ ئەوەدا کە ئاماژەیە بۆ یەک نیشتمان، یەک به یەکی دڵانى ئەم نیشتمانەش لە هەركوێ بن بە كورد و بە هەموو پێكهاتەكانی ترەوە پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە با بەرزکردنەوەی ئاڵا لەمڕۆدا، ئەو پەیمانەش لە دەروونماندا نوێ بکاتەوە کە دووبەرەکی تێپەڕێنین، ڕێزی جیاوازییەکانمان بگرین و پێکەوە نەتەوەیەک بنیاد بنێین کە ببێتە جێی ئومێدی هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. كوردستان ببێتە ماڵی پێکەوەژیان، ببێتە نموونەی لێبوردەیی لەنێو گەلانی ناوچەکە و لە جیهاندا.
ئاڵاکەمان هێمای ئاواتی هاوبەشمانە، هێمای رووبهڕووبوونهوهى ئاڵنگارييهكان و سەرکەوتنمانە بەسەر بەربەستەکاندا. هێمای بەڵێنمانه بۆ هێنانەدی داهاتوويهكى رووناکتر بۆ هەموومان.
كاتێك ئاڵا لە ئاسمانی بێ سنووردا هەڵدەکەین، با لەگەڵیدا ورەمان بەرز ببێتەوە. با هەموو ئەو توانا بێ سنوورانە به بيرمان بهێنێتهوه كه له تێکۆشانی پێکەوەییماندا هەن.
با ئەو شکۆیەی ئەمڕۆ هەستی پێدەکەین، هانمان بدات بۆ ئامانجی باڵاتر، بۆ دەستکەوتی گەورەتر، بۆ گیانی پێکەوەیی و سۆزی هاوبەش، بۆ خۆشەویستيی هاوبەشی وڵات و هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. لەژێر ئەم چەترە کۆکەرەوەدا کە سیمبوولی ناسنامهى هاوبەشیمانە، با پێکەوە بەرەوەپێش بڕۆین، بەهێزتر و بهگوڕتر، بۆ ئەوەی مەزنیی نەتەوەکەمان لەسەر لاپهڕهكانى مێژوو تۆمار بکەین.
لەم رۆژەدا سڵاو له گيانى پيرۆزى هەموو ئهو نهمرانهى لهژێر سايهى ئهم ئاڵايهدا بۆ ئازادى گيانيان بهخشى.
سڵاو لەو تێكۆشەرانەی لەژێر ئەم ئاڵایەدا هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی خەونی گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتەكانیيەوە بهێتە دی. سڵاو لەو تێكۆشەرانە، لەو پێشمەرگە قارەمانانە كە تا ئێستاش بۆ سەرفرازی، بۆ ئارامیی وڵات هەوڵ دەدەن و لە تێكۆشان نەوەستاون.
سڵاو له ههموو ئهوانهى لهژێر سايهى ئهم ئاڵايهدا تێدهكۆشن و كار دهكهن بۆ داهاتوويهكى باشتر بۆ وڵاتەكەمان.
هەموومان پێكەوە ئەمڕۆ دەڵێین:
بەرز و شەکاوە بێ ئاڵاکەمان
هەر سەرفراز بێ کوردستان
ئێوەش هەموو لایەكتان بەخێربێن.
زۆر سوپاس.