رۆژانە 15 هەزار گەشتیار بە دەروازەی مێهراندا هاتووچۆ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی شاری مێهران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیار و زیارەتکاران لە دەروازەی سنووریی ئەو شارە زیاتر بووە و ئەم ساڵ زیاتر لە 7 ملیۆن گەشتیار بە دەروازەی مێهراندا هاتووچۆیان کردووە.
 
حەیدەر نیعمەتی، قایمقامی مێهران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی (21ـی ئادار)ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7 ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار بە دەروازەی سنووریی مێهراندا هاتووچۆیان کردووە و بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی پار، هاتووچۆی گەشتیاران لەم دەروازەیە ئەم ساڵ 7.5٪ زیاتر بووە. 
 
لەم 12 مانگەی ساڵی 1403ـی هەتاویدا، 8 ملیۆن و 500 هەزار کەس بە دەروازەی مێهراندا هاتووچۆیان کردووە.
 
بەپێی راپۆرتی قایمقامیەتی شاری مێهران، ئەم ساڵ لە رۆژانی ئاساییدا، رۆژانە بەشێوەی مامناوەند 15 هەزار گەشتیار بە دەروازەی سنووریی شارەکەدا دەپەڕنەوە و لە رۆژانی دەوروبەری بۆنە مەزهەبییەکاندا ژمارەکە زۆر زیاتر دەبێت.
 
بەشی زۆری ئەو کەسانەی بە دەروازەی مێهراندا هاتووچۆ دەکەن، گەشتیارانی مەزارگەی شیعەکانن لە عێراق. قایمقامی مێهران دەڵێت، "بەهۆی بوونی ئاسایش لە هەر دوو لای سنوور و هەروەها نزیکبوونی رێگەی چوون و گەڕانەوە لە شوێنە پیرۆزەکان، بەشی زۆری گەشتیارانی شیعە مەزهەب لە ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە بۆ چوون بۆ کەربەلا و نەجەف، بە دەروازەی مێهراندا هاتووچۆ دەکەن".
 
دووریی نێوان مێهران و کەربەلا 280 کیلۆمەترە و مەودای نێوان ئەو دەروازەیە و شاری نەجەفیش کەمتر لە 320 کیلۆمەتر لەو دەروازەیە دوورە.
 
پارێزگای ئیلام 420 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و دەروازەی مێهران دەکەوێتە سنووری نێوان پارێزگاکانی ئیلام و واست. ئەو دەروازەیە لە عێراق بە زرباتییە دەناسرێت.