وەزیری پەروەردە: بایی 100 ملیۆن دینار پێداویستیمان بۆ قوتابخانەکانی چەمچەماڵ دابین کردووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بایی 100 ملیۆن دینار پێداویستیی قوتابخانە و 85 هەزار پەرتووکی نوێی خوێندمان بۆ پەروەردەی چەمچەماڵ دابین کردووە. دەشڵێت: "پێداویستیی قوتابخانەمان بۆ 2000 قوتابی ئامادە کردووە."
 
رۆژی چوارشەممە، 17ی 12ی 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەی قەندیل لە تەکیە گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "وەزارەتەکەمان رەزامەندی بودجەی بۆ هەموو پارێزگاکان ناردووە؛ بۆ ئەوەی قوتابخانە دروست بکرێ و نۆژەن بکرێنەوە. لە ساڵی 2022 بە بەهای 5 ملیار دینار رەزامەندی دراوە قوتابخانەی نوێ دروست بکرێت و نۆژەن بکرێتەوە؛ ئەو قوتابخانەیەی تەواو نەکراوە، تەواو بکرێت."
 
بە گوتەی وەزیری پەروەردە، هیواداربوون دروستکردن و نۆژەنکردنەوەکان هەموویان جێبەجێ بکرێن و بگونجێنرێن لەگەڵ دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان. بە گوێرەی ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی پەروەردە دیاریکراوە؛ بەکاش پارەیان خستووەتە سەر هەژماری پەروەردەی سلێمانی.
 
7ی 12ی 2025، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ سێ رۆژ بەردەوام بوو. بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان، لە نێویاندا لە قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، لافاو دروست بوو؛ گیانلەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە.
 
وەزیری پەروەردە روونیکردەوە، "بە پشتیوانی سەرۆکوەزیران، بایی 100 ملیۆن دینار پێداویستیی قوتابخانەمان بۆ قەزای چەمچەماڵ کڕیوە و بۆمان هێناون؛ بە هاوکاری پەروەردەی هەولێر و سلێمانی 85 هەزار پەرتووکی نوێی خوێندمان بۆ چەمچەماڵ دابین کردووە؛ کە بەهاکەی بایی 101 ملیۆن دینارە. کۆی پشتیوانییەکان 330 ملیۆن دینارە."
 
ئالان حەمەسەعید سوپاس و پێزانینی بە مامۆستایانی قەزای چەمچەماڵ بەخشی و ئەوانەشی کە هاوکاریی مامۆستایان و قوتابیان بوون لەو کارەساتە سروشتییەدا. دەشڵێت: "ئەمڕۆ پارەی پێویست رادەستی پەروەردەی سلێمانی دەکرێت و بەزووترین  کات پێداویستییەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت."
 
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم قوتابخانەیە (قوتابخانەی قەندیل لە تەکیە) کە قسەی تێدا دەکات، لە لافاوەکەدا تووشی زیان بووە و لەسەر ئەرکی دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن نۆژەن دەکرێتەوە.
 
وەزارەتی پەروەردە وەک هەنگاوی یەکەم لە سنوورەکە، پێداویستیی خوێندنی بۆ 2000 قوتابی ئامادە کردووە و وەزیری پەروەردەیش گوتی: "ئەمڕۆ رادەستیان دەکرێت."