هەپەگە ناسنامەی شەش گەریلای ئاشکرا کرد کە لە زاپ گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای راگەیاند، سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای ئاشکرا کرد کە خەڵکی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانن و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیادا لە ناوچەی زاپ گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، ناسنامەی ئەو گەریلایانە بەمشێوەیەیە:
- میلاد شێرکۆ زێڕین (دەنگتاڤ گیڤارا) - لەدایکبووی سنە
- سەما داڵچیچەک (راپەڕین کاراز) - لەدایکبووی ئامەد
- دیلشاه ئەحمەد (نوژیان ئاگیت) - لەدایکبووی تربەسپی
- ئەحمەد فورکان کایا (رۆنی چیا ئالیداش) - لەدایکبووی ئامەد
- حەسەن عەلی ئالیسوو (باوەڕ قامشلۆ) - لەدایکبووی قامشلۆ
- مستەفا سەیدۆ (دڵسۆز کۆبانێ) - لەدایکبووی کۆبانێ
ئەو شەڕ و پێکدادانانەی ئەو گەریلایانە تێیدا گیانیان لەدەستداوە، دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە (چنگ - قوفڵ) کە سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبوو.
راگەیاندنی ناسنامەی ئەم گەریلایانە لەکاتێکدایە، تورکیا و پەکەکە لە قۆناخێکی نوێی "پرۆسەی ئاشتیدان". رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پرۆسەکە دەستیپێکرد و دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت.
وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە، پەکەکە لە ئایاری 2025ـدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا و رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵیش 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری، رۆژی 6ـی ئابی 2025، کۆمسیۆنی "یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە ئەندامێتی 51 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا و تاوەکو ئێستا دەیان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.