ژمارەیەک گەنج لە بەردەم پەیکەری پێشمەرگەی کەرکووک گردبوونەوە؛ 'دەبێ ئاڵای کوردستانیش هەڵبکرێت'
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک ژمارەیەک گەنجی کورد لە بەردەم پەیکەری پێشمەرگە گردبوونەوە و داوا دەکەن پەیکەرەکە وێڕای ئاڵای عێراق، ئاڵای کوردستانیشی لەدەست بێت. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، ''لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەری ئەم کێشەیە دەکەین.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025 کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی ئاڵای کوردستان، ژمارەیەک گەنجی کورد لە کەرکووک لە بەردەم پەیکەری پێشمەرگە گردبوونەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان داوایان لێکردن شوێنەکە چۆڵ بکەن و بەشێوەیەکی کاتی چەند کەسێک دەستگیر کران.
گەنجەکان داوای دەکەن ئاڵای کوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراق لە دەستی پەیکەری پێشمەرگەدا هەڵبکرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا. بەگوێرەی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و بەرپرسانی پارێزگاکە بە تەلەفۆن بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکەیان پێداون.
یەکێک لەو گەنجانەی بەردەم پەیکەری پێشمەرگە قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، بەردەوام دەبن لە داواکارییەکەیان، ''خۆتان ئاگادار بوون چی هێزێکیان هێنایە سەرمان، کاک رێبواریش تەلەفۆنی کرد بۆمان و بەڵێنی دا، ئەگەر شوێنەکە چۆڵ بکەین، کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکات.''
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، پارێزگاری کەرکووک 10 رۆژی دیاریکردووە بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی گەنجانی کورد، ''بەشێوەیەک کە یان ئەو ئاڵا عێراقییە لابدات، یان ئاڵای کورستانیش بدرێتە دەست پەیکەری پێشمەرگە.''
ئەو گەنجە کوردەی کەرکووک گوتی: ''ئەو پەیکەرە خۆی پێشمەرگە بوو کە بەدەست هێزە عێراقییەکانەوە شەهید کراوە، چۆن دەکرێ ئێستا ئاڵای عێراقی بدرێتە دەست.''
هاوکات رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لەوبارەوە قسەی بۆ هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاڵای دەستی پەیکەری پێشمەرگە، ''پێویستە بەرنامەیەکی تەواومان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێ، بۆ ئەوەی بتوانین کارێک بکەین کە نەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ هیچ پێکهاتەیەک.''
پێشتر ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەرەکە دەشەکایەوە، بەڵام لە دوای هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئاڵای کوردستان هێنرایە خوارەوە و ئاڵای عێراق لە شوێنەکەی هەڵکرا.
پەیکەرەکە لەلایەن مانی ئەحمەد، پەیکەرساز و لەسەر ئەرکی ژمارەیەک کەسایەتیی کەرکووک دروستکراوە.