ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی گۆڕی کریستیانەکانی لە شەقڵاوە شێواند، دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند و دەڵێ، چەند رۆژێک لەمەوبەر کێلی گۆڕەکانی گۆڕستانی کریستیانەکانی لە قەزای شەقڵاوە شێواندبوو. تۆمەتبارەکە پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر مەرقەدێکی لەنێو بازاڕی هەولێر سووتاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و گوتی: "دوای ئەوەی لە رۆژی 13ـی کانوونی یەکەمی 2025 چەند کێلێکی گۆڕەکانی گۆڕستانیی کریستیانەکان لە شەقڵاوە شێوێندران، دامەزراوەکەمان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد."
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "توانیمان ناسنامەی ئەنجامدەری ئەو کردەوەیە بەناوی (حوسێن ساڵح موستەفا) ئاشکرابکەین و بە فەرمانی دادوەر و لەلایەن تیمەکانمانەوە دەستگیرکراوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتبارەکە لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا "دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان ئەو کردەوەیەی کردووە".
سەبارەت بە پێشینەی تۆمەتبارەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێ: "تۆمەتباری دەستگیرکراو لە ساڵی 2022 بە تۆمەتی سووتاندنی مەرقەدێک لەناو بازاڕی هەولێر دەستگیرکراوە و سزای یاسایی خۆی وەرگرتووە و پاشان ئازادکراوە."
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، تۆمەتبارەکە چووەتە دووکانێکی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان و خواردنەوەی کحولی کڕیوە و دواتر چووەتە گۆڕستانەکە و بە بلۆک کێڵی گۆڕەکانی شکاندووە.
4ی ئەم مانگەش لە قەزای کۆیە ژمارەیەک گۆڕی کریستیانەکان لە گوندی هەرمۆتە شێوێندران و ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتەوە.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان، بە رووداوی گوت: "هەر جۆرە بێ رێزییەک بە مردوو یان زیندوو وەک یەک تاوانە، چونکە دەچێتە خانەی سووکایەتی بە مرۆڤەوە و پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە."