سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 دەنێردرێ
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێ، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی مانگی تشرینی یەکەم ئامادەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بیخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچە لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی مانگی 10 دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەمان."
رۆژی چوارشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەنگاوەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێمەوە تەواوبوون و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەین لەلایەن بەغداوە. ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدەن، سبەی 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری ئەو وەزارەتە."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو بووە و "ئەو رێکارانەی ماون لەلایەن بەغداوەن نەک ئێمە. ئێستا ئەوە ماوە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاری بکات و دواتر ئێمەش دەست بە رێکاری ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی دەکەین."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "بە ئەگەری زۆرەوە ناردنی مووچەی مانگی 10 لەلایەن بەغداوە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
دوێنێ لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ بەغدا نێردرا و رۆژی 7-12-2025یش لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ رۆژی 25-11-2025یش لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا.
29ی تشرینی دووەمی 2025 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.