گومان لەسەر دروستیی قیبلەی ژمارەیەک مزگەوت هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لەم رۆژانەدا لە هەرێمی کوردستان، ڤیدیۆی دیاریکردنی ئاراستەی قیبلەی مزگەوتەکان لە رێگەی "گووگڵ ئێرث"ـەوە بووەتە ترێند. لە بەشێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، قیبلەی ژمارەیەک لە مزگەوتەکان لارە.
یەکێک لەو کەسانەی ڤیدیۆکان تۆمار دەکات، مامۆستا رێبینە لە ناحیەی بالیسان؛ ئەو بە مۆبایلەکەی کارەکە ئەنجام دەدات و تاقیکردنەوەی بۆ مزگەوتی ناحیەکەیان و زۆربەی مزگەوتە بەناوبانگەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
رێبین عەبدولڕەحمان بالیسانی، مامۆستایە و بە رووداوی گوت: "زۆربەی مزگەوتەکان قیبلەیان زۆر باشە یان کەمێک لارن کە شایانی باسکردن نییە، بەڵام ئەگەر سەیری مزگەوتە کۆنەکان بکەین هەندێکیان لاریی قیبلەیان زۆر زۆرە. مزگەوتە کۆنەکان وەکو نموونە بەشێوەی خەمڵاندن قیبلەیان دیاریکراوە. ئێستا کارێکی زۆر ئاسانە و با تاقیبکرێتەوە، ئەگەر قیبلەیان زۆر لارە با هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و چاکبکرێن".
وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتییەکانی، دیاریکردنی ئاراستەی قیبلە بە مۆبایل رەتدەکەنەوە.
ئەوقاف لە رێگەی ئامێرێکی تایبەتی GPSـەوە کە بە 12 مانگی دەستکردەوە پەیوەستە، ئاراستەی قیبلەی مزگەوتەکان دیاریدەکات؛ لە ساڵی 2010ـەوە ئەو میکانیزمە پەیڕەو دەکرێت.
مەلا ئەبوبەکر، ئەندازیار لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "15 ساڵە ئێمە ئەو ئامێر و میکانیزمە بەکاردەهێنین، زۆر زۆر وردە و توانای هەیە لەگەڵ 12 مانگی دەستکرد پەیوەست بێت. کاتێک هەتا 10 مانگی دەستکرد لەگەڵ ئامێرەکە نەبەسترێتەوە کاری پێ ناکەین. لەبەرئەوەی زۆر وردە، ئێمە پشت بەو ئامێرە دەبەستین و پشت بە مۆبایل نابەستین.
سوپاس بۆ خوا ئەو قیبلانەی بەو ئامێرە دیاریکراون هەتا ئێستا کێشەیان نەبووە".
لەو ساڵانەی دواییدا، چەندین مزگەوت ئاراستەی قیبلەیان راستکراوەتەوە.
یەکێک لەو مزگەوتانەی ئەمساڵ ئاراستەی قیبلەی راستکراوەتەوە، مزگەوتی شەهید کەمالە لە هەولێر؛ لە رێگەی گۆڕینی ئاراستەی فەرش و بەرماڵەکان دەردەکەوێت کە پێشتر ئەو مزگەوتە ئاراستەی قیبلەی زۆر لار بووە.
داوا دەکرێت هەر گومانێک لە قیبلەی هەر مزگەوتێک هەیە، بۆ دڵنیابوونەوە یان چارەسەر، پەیوەندی بە ئەوقافی شارەکانەوە بکرێت.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زەق بوونی نییە، هاونیشتمانییان با دڵنیا ببنەوە قیبلەیەکی زۆر راست و دروست لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دیاریدەکرێت، هەر گومانێکیش هەبێت لەلایەن لیژنەی ئەوقافەوە چارەسەر دەکرێت".
لە رێژەیەکی دیاریکراو زیاتر، لاربوونی ئاراستەی قیبلە بە گونجاو نازانرێت.
مەلا عەزیز خەزنەیی، بەرپرسی لقی هەولێری لیژنەی فەتوا دەڵێت: "ئەگەر کەمێک لار بێت پێویست ناکات ئاراستەی قیبلە بگۆڕدرێت، بەڵام ئەگەر لە 20 پلە تێپەڕێت، دەبێ ئاراستەکەی راستبکرێتەوە".
لە تەواوی هەرێمی کوردستان 6200 مزگەوت هەن.