فەوزی هەریری: سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هەوڵێکی جدی دەدەن بۆ کۆکردنەوە و یەکدەنگیی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەر لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق؛ سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، ''دڵنیاین کە بەمزووانە چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی ئاهەنگی رۆژی نیشتمانیی قەتەر لە هەولێر، سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
فەوزی هەریری رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی دروستکردنی یەکدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی داوە، ''پەیامی جەنابیان ئەوە بووە کە پێویستیمان بەوە هەیە بە یەکدەنگییەوە بچینە بەغدا، دروشمی سەرکەوتنی هێزە کوردستانەییەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بووە لە عێراق.''
بەگوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ''زۆربەی کێشەکان بە جێبەجێکردنی دەستوور چارەسەر دەکرێن. بۆیە داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە پێویستە ئەو کوردانەی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.''
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقی دیاری کردووە کە 29ى کانوونی یەکەمی 2025 دەبێت.
فەوزی هەریری گوتی: ''لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەردەوام لە گفتوگۆداین، هێشتا ماوەیەتی بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. بە زووترین کات هەوڵێکی جدی دەدەین بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت ئەگەر لەسەر بابەتێکی بچووک رێکنەکەوین، پێویستە لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان کە لە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستاندان، کۆک بین. ئەوە ئامانجامانە و بەردەوام کاری بۆ دەکەین.''
هەرچی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە سەبارەت بە ستراتیژیی کورد لە بەغدا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''هەردوو لا کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە یەکدەنگ بین. بەڵی کێشەیان هەیە و لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی بەغدا، بەڵام سەبارەت بە بابەتە ستراتیژی و بەرژەوەندییەکان هەردوو لا شارەزایی باشیان هەیە کە پێویستە پێکەوە کار بکەن''.
وەک فەوزی هەریری ئاماژەی دا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵدان و داواکردن بۆ پێکهێنانی یەکهەڵوێستیی نێوان یەکێتی و پارتی بەرامبەر بەغدا.
پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: ''هەردوو لا باشتر لە ئێمە بەرژوەندیی هەرێمی کوردستان دەزانن کە چییە و ئەوەش دەکەن. کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان بەردەوامن.''
دوێنێ سێشەممە شاندی یەکێتی و پارتی لە لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام کۆبوونەوە. سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، فەوزی هەریری گوتی، ''شتی باش لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە، بۆیە ئێمە دڵنیاین کە چارەسەرێک بەمزووانە [بۆ پێکهێنانی حکومەت] دەدۆزرێتەوە. ئەوەی کە پێویستە لەوبارەوە، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نابێ.''
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام هانی یەکێتی و پارتی دەدات [بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان] و بەردەوام رۆڵێکی ئەرێنی هەیە بۆ نزیکترکردنەوەی بۆچوونەکان.
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەستهێنا.