چاوەڕوان دەکرێ مووچەی زیندانییانی سیاسی هاوتا بکرێت؛ "لە 500 هەزارەوە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار"
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەڵێ، بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ رێککەوتوون و تەنیا ماوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رێککەوتنەکە پەسند بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بە ئەگەری زۆرەوە رێککەوتنەکە ساڵی نوێ دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە."
رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا شاندێکی پەیوەندیدار بەو بابەتە لە عێراقەوە هاتنە هەرێمی کوردستان و لەسەر رێکار و رێنماییەکان قسەمان کرد. 27ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رێککەوتنمان لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق کرد."
مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزارە. ئەحمەد مام رەسووڵ گوتی، ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ، "مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، "دۆسیەکە ئامادە کراوە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانین. دوای پەسندکردنی، بۆ بەغدا دەینێرینەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ساڵی داهاتوو مووچە هاوتای عێراق دەکرێ."
25 هەزار 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە. ئەحمەد مام رەسووڵ گوتی: "5,216 کەسیان لە مووچە سوودمەند بوون."
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی 26ـی ئابی 2025 دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسی (ژمارە 4ی ساڵی 2006) دا و بەگوێرەی هەموارەکە، سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە عێراق یەکدەخرێ.
بەگوێرەی بڕگەی 15 لە مادەی 3ـی یاسا هەموارکراوەکە، ئەو زیندانییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لەنێوان ساڵانی 1963 بۆ 2003 زیندانیکراون، قەرەبوو دەکرێنەوە.