سێنتکۆم: لە شەش مانگدا نزیکەی 80 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش کردووە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، هێزەکانیان بە هاوکاریی هاوبەشەکانیان نزیکەی 80 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش لە سووریا کردووە. راشیگەیاند: "119 گومانلێکراو دەستگیرکراون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنانە لێدان بووە لە پاشماوەکانی داعش کە هەڕەشەی راستەوخۆیان لەسەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوەی وڵات دروستکردبوو.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا داعش لانیکەم 11 پیلان یان هێرشی دژی ئامانجەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە؛ لە وەڵامدا و لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە 119 گومانلێکراوی ئەو گرووپە دەستگیر بکەن و 14 چەکداریش بکوژن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە کوشتنی چەند بەرپرسێکی داعش کراوە. سێنتکۆم دەڵێت، لە هێرشێکی مانگی ئەیلوولدا لە سووریا، بەرپرسێکی باڵای داعش بەناوی "عومەر عەبدولقادر" کوژرا کە بەشێوەیەکی چالاکانە پیلانی بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا دادەڕشت.
هەروەها لە هێرشێکی دیکەی مانگی تەممووزدا لە شاری باب لە پارێزگای حەلەب، هێزەکانی ئەمریکا سەرکردەیەکی باڵای داعشیان بەناوی "زیا زەوبە موسلیح ئەلحەردانی" و دوو کوڕەکەی کوشتووە.
15 کۆگای چەک لەنێوبراون
مانگی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هێزی ئەرکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی (Inherent Resolve) لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا لە باشووری ئەو وڵاتە، زیاتر لە 15 کۆگای چەکی داعشیان دۆزیوەتەوە و لەنێویان بردوون.
بەگوێرەی ئامارەکان، لەو ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە 130 هاوەن و مووشەک، تفەنگ، مینی دژە تانک و کەرەستەی دروستکردنی بۆمبی چێندراو لەنێوبراون.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە گوتی: "ئێمە لە بەدواداچوونی بێوچانمان بۆ ئەو تیرۆریستانەی کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەدەن". گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە کارکردنی نزیک لەگەڵ هاوبەشە سوورییەکانمام بۆ راوکردنی تۆڕەکانی داعش و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەیان".