گەنجێکی کورد بە شێوازێکی تەکنەلۆژی و سەردەمیانە ئاڵای کوردستان بە جیهان دەناسێنێت

رووداو دیجیتاڵ

بڵند عوسمان، گەنجێکی پسپۆڕی بواری تەکنەلۆژیا و یوتیوبەرێکی کوردە، رێگەیەکی داهێنەرانەی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا ناسنامەی خۆی و ئاڵای کوردستان نیشانی بەشداربووان بدات.
 
بڵند خاوەنی جانتایەکی زیرەکە کە شاشەیەکی دیجیتاڵی لەسەرە، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە وێنەی جووڵاوی ئاڵای کوردستانی لەسەر جێگیر کردووە. ئەم گەنجە کوردە لە کاتی گەشتکردن بۆ وڵاتان و بەشداریکردن لە ئیڤێنتە تەکنەلۆژییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەردەوام ئەم جانتایە لەشان دەکات.
 
لەبارەی بیرۆکەکەیەوە، رۆژی چوارشەممە، 17-12-2025 ، بڵند عوسمان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "کاتێک دەچوومە وڵاتان و پرسیاریان لێ دەکردم خەڵکی کوێیت، زۆربەیان کوردستانیان نەدەناسی و دەبوایە ناوی وڵاتانی دراوسێ بهێنم، ئەمەش بۆ من ناخۆش بوو. بۆیە بڕیارمدا شتێک بکەم کە بەبێ قسەکردن دیار بێت کە من کوردم و خەڵکی کوردستانم."
 
بە گوتەی بڵند، شێوازە دیجیتاڵییەکە سەرنجی خەڵکی بیانی زۆر بەلای خۆیدا رادەکێشێت و دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک بێنە پێشەوە و پرسیار لەسەر ئاڵاکە و کوردستان بکەن.
 
لە یەکێک لە بەسەرهاتەکانی دا لە کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل (MWC) لە بارسێلۆنا، بەهۆی ئەوەی لۆگۆی کۆمپانیایەکی خستبووە سەر شاشەی جانتاکەی لەگەڵ ئاڵای کوردستان، سەرنجی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکەی راکێشاوە و وەک دەستخۆشییەک چەندین بەرهەمی تەکنەلۆژییان پێشکێش کردووە.
 
پەیامی سەرەکی بڵند لەم کارەدا ئەوەیە کە بە جیهانی تەکنەلۆژیا و گەشتیاران بڵێت: "ئێمەش هەین، کورد هەیە و ئەمەش کوردستانە."