لە عەنکاوە کەسێکی هیندستانی لەسەر بەتاڵکردنەوەی بیری پیسایی لەسەر شەقام دەدرێتە دادگە

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی سکاڵای هاووڵاتییانی شارۆچکەی عەنکاوە لە هەولێر، کەسێک دەستگیر کرا و رادەستی دادگە کرا. بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەولێر دەڵێت، "کەسێکی هیندستانییە و پیسایی بیری ماڵەکەی فڕێداوەتە کۆڵان؛ بەو هۆیەوە بۆنی ناخۆش بڵاوبووەتەوە و هاووڵاتییان هەراسان بوون."
 
رۆژی چوارشەممە، 17ی 12ی 2025، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی دووشەممە 15/12/2025 نوێنەری یاسایی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لە بنکەی پۆلیسی عەنکاوە و دادگەی لێکۆلینەوەی عەنکاوە سکاڵای یاسایی لە دژی کەسێكی بیانی تۆمار کرد."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەى ژینگەى هەولێر، "ئەو پیاوە هیندستانییە غەتاسێکی لەنێو بیری ئاوەڕۆی ماڵەکەی دانابوو، (لە خانووەکە کرێچییە) بۆ ئەوەی پارەی بەتاڵکردنی نەداتە تانکەرەکانی پاککردنەوەی پاشەڕۆ، تێکەڵی ئاوەڕۆی ماڵانی کردووە."
 
دڵشاد هیرانی روونیکردەوە، "ماڵەکانی دەوروبەری سکاڵایان کردووە کە بۆنێکی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە و خەڵکی هەراسان کردووە؛ بۆ دەرنەدانی بیرەکەی ئەم کارەی کردووە و ئەمەش سەرپێچییە."
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەى ژینگەى هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، کە "ئێستا پاڵپشت بە هەردوو مادەی  22 و 25 لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی (2008) یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، رادەستی دادگە کراوە."
 
لەبارەی سزادانی ئەو پیاوەوە، دڵشاد هیرانی گوتی: "رەنگە پێبژاردن یان بەندکردن بێت."