لە سەردەشت دەست بەسەر 15000 کیلۆ گۆشتی بەسەرچوودا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر 15 هەزار کیلۆ گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیرا. بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی شارەکە دەڵێ، دەست بەسەر بارهەڵگرێکدا گیراوە و کەسێکیش دەستگیرکراوە.
ئیبراهیم محەممەدپوور، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سەردەشت رایگەیاند، دوای ئەوەی لە لایەن خەڵکەوە زانیارییان پێگەیشت کە بڕێکی زۆری گۆشتی کواڵیتی خراپ و ماوەبەسەرچوو لە بازاڕی شارەکە هەیە و دەفڕۆشرێتە خەڵک، چاودێرییەکانیان بۆ سەر بازاڕ و گواستنەوەی بارەکان تووندتر کردەوە.
ئیبراهیم محەممەدپوور گوتی، تیمەکانیان لەنێو شاری سەردەشت گومانیان لە بارهەڵگرێک کردووە و دوای وەستاندن و پشکنینی دەرکەوتووە کە بارەکەی 15 تۆن گۆشتی ماوەبەسەرچوو بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گۆشتە ماوەبەسەرچووەکە بە شێوەی زانستی لەنێوبراوە، شۆفێری بارهەڵگرەکەش دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سەردەشت گوتی، تیمەکانیان بەردەوام سەردانی دووکان، سەربڕخانە و کۆگەی گۆشتی شارەکە دەکەن و لە چاودێریکردنی بازار بەردەوام دەبن.