بارانبارین کانیاوەکانی هەرێمی کوردستان دەبوژێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کانیاوەکەی نێو مزگەوتی گەورەی خورماڵ کە ساڵی پار بەهۆی وشکەساڵییەوە وشکبوو، ئەمساڵ بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارین ژیاوەتەوە، نزیکەی 50 کارێز و کانیاو هاوینی رابردوو لەسلێمانی وشکبوون یان کەم ئاو بوون، بەفر و بارانباراینی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان هۆکار بووە بۆ ژیانەوەی بەشی هەرەزۆری کانی و کارێزەکان.
 
کانیاوەکەی نێو حەوشەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ، دوای شەش مانگ لە وشکبوونی ژیاوەتەوە، رێبوار حوسێن، کرێکارە لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ و دەڵێت، زۆر دڵخۆشم بە ژیانەوەی ئەو کانیاوە و دەتوانین بڵێین 80٪ زیاتر ژیاوەتەوە، جگە لە کەمبارانی و وشکەساڵی، هۆکارێکی دیکەی وشکبوونی کانیاو و کارێزەکان، هەڵکەندنی بیرە. 
 
رێبوار حوسێن، گوتی، "ئاوی کانییەکە زۆر باش ژیاوەتەوە، هاوین هەر هیچ ئاوی نەمابوو، سەرچاوەکەی وشکی کردبوو، ئێستا بەهۆی بارانبارینەوە زۆر باش زیادی کردووە، دڵخۆشین بەوەی کە ئاوا زیادی کردووە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە هاوین دەتوانین بڵێن لەسەتا 80ـی ئاوەکەی زیادی کردووە، بەڵام ئەگەر بە ئاوەکەی خۆی بەراوردی بکەینەوە ئەوا سەتا شەش ژیاوەتەوە."
 
چەند مەترێک لە خوارووی مزگەوتی گەورەی خورماڵ، 12 کانی دیکە هەن، کە خەڵکی ناوی لێناون "گەنجان" وشکەساڵی کاریگەری لەسەر ئەوانیش هەبووە.
 
رێبوار حوسێن، ئاماژە بەوەش دەکات، "ئاوی 12 کانیاوەکەیش ژیاوەتەوە ئەوانیش ئاویان زۆر کەمکردبوو، بەڵام ئێستا زۆر باش ژیاوەتەوە. سەتا 8 ئاوەکەی ژیاوەتەوە."
 
جگە لە کەمبارانی و وشکەساڵی هۆکارێکی دیکەی وشکبوونی کانیاو و کارێزەکان، هەڵکەندنی بیرە لە سلێمانی. نزیکەی 50 کارێز و کانیاو هاوینی رابردوو وشکبوون یان کەم ئاو بوون.
 
ئومێد حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی سلێمانی، باس لەوە دەکات، "کاتی ژیانەوەی کانی و کارێزەکان لە کوردستان مانگی سێیە لەبەر وشکەساڵییەکەی پار، تاوەکو ئێستا بەشێکی کانیاوەکان بێ ئاون."
 
سەرچاوەی زەڵم لە پارێزگای هەڵەبجە، دیسانەوە لە هەناوی شاخەکەیەوە بە هەمان هاژە و شەپۆل و دیمەنی پێش وشکەساڵی دێتە دەرەوە و ئاوەکەی زیادی کردووە. بەفر و بارانباراینی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان هۆکار بووە بۆ ژیانەوەی بەشی هەرە زۆری کانی و کارێزەکان.