سەرۆکی ئیستۆنیا: سەرنجڕاکێشە کە دەبینم هەولێر بەو خێراییە گەشە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیستۆنیا لە پاش سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەسفی هەولێر دەکات و دەڵێت، "سەرنجڕاکێشە بینینی هەولێر کە بەو خێراییە گەشە دەکات".
ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا رۆژی چوارشەممە، 17-1-2024 لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی ئیستۆنیا لە پاش سەردانەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسینێکی بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی، "چاوم بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کەوت. هاوکاریی ئەمنیمان بەرز دەنرخێنم. سوپاس بۆ میوانداریکردنی سەربازەکانمان؛ ئیستۆنیا چالاکانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەشدارە. سەرنجڕاکێشە بینینی هەولێر کە بەو خێراییە گەشە دەکات. هاوکاریی بەهێز لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هاوئاهەنگی زیاترمان".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئالار کاریس، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، جگە لە هاوبەشیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەمارگرژی، خوازیارن سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ئیستۆنیا وەربگیرێت، لەوانەش بواری ''ئایتی و حکومەتی ئەلیکترۆنی'' کە وەک دەڵێت، ئیستۆنیا تێیاندا پێشەنگە.