دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، شەوی پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، کاژێر 23:06 خولەک درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە. 
 
وەکو دژەتیرۆر دەڵێت، درۆنەکە "لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش" کرابوو.  
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، درۆنێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو کە بە ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دەهات، خرایە خوارەوە.
 
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر خستنەخوارەوەی درۆنەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانان و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون و قەرەباڵخی خراوەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە.
 
دژەتیرۆری کوردستان خستنەخوارەوەی درۆنێکی لە کاتەکانی ئێوارەدا رەتکردەوە و رایگەیاند، "هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هیچ درۆنێکیش نەخراوەتە خوارەوە".
 
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکرد و لە 17ی هەمان مانگەوە هێرشی ئەو گرووپانەی خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا دەستی پێکرد. 
 
ئەو گرووپە چەکدارانە دەڵێن، هێرشەکانیان وەک کاردانەوەیە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە لانیکەم 130 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە 53یان لەهەرێمی کوردستان و عێراق بوون و 77 هێرشەکەی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون.