لە دهۆک لەدژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپێشاندانە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ وەک دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ هەولێر و سەرکۆنەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، خۆپێشاندانێکی ''سەرانسەری'' لە دهۆک دەکرێت و لە پارێزگاکەش سێ رۆژ ماتەمینی راگەیێندراوە.
لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18-01-2024) خۆپێشاندانێکی گەورە بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ هەولێر و سەرکۆنەی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆ سەر شارەکە دەستیپێکردووە.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە دهۆکەوە رایگەیاند پارێزگای دهۆک بۆ هاوخەمی لەگەڵ هێرشەکەی سەر هەولێر، بە فەرمی سێ رۆژی ماتەمینی راگەیاندووە و ئەمڕۆ ئامادەکاریی تەواوکراوە بۆ ئەوەی کاژێر 10:30 خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکە دەستپێبکات.
پەیامنێری رووداو گوتی، خۆپێشاندانەکە لە بەردەم باڵەخانەی سەرۆکایەتیی زانکۆی دهۆکەوە دەستپێدەکات و داوا لە سەرجەم چین و توێژی شارەکەش کراوە تێیدا بەشدار بن.
بڕیارە دوای بەڕێوەچوونی رێپێوان و خۆپێشاندانەکە، هەندێک گوتاری پەیوەندیداریش بە بابەتەکە پێشکێش بکرێت.
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن.
بۆردوومانەکەی ئێران گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
ئێران لە پاساوی هێرشەکەدا دەڵێت، "ئێمە، بارەگای مۆسادمان لە شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە وردی کردە ئامانج، ئەوەش بە واتای بەئامانجگرتنی عێراق نییە، بەڵکو ئیسرائیل دوژمنی هاوبەشی عێراق و ئێرانە."
ئەوە لەکاتێکدایە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەرکۆنەی هێرشە دەکەن و رەتی دەکەنەوە هیچ بارەگایەکی مۆسادی ئیسرائیل لە هەولێر بێت.