دیاسپۆرا چیرۆکی کاریگەریی د. عوبێد ئەفەندی لە ڤیەننا دەخاتەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
د. عوبێد ئەفەندی خەڵکی کۆبانێیە و رۆحی کوردایەتییەکەی هی چوار پارچەی کوردستانە. یەکێکە لەو یەکەمین کوردانەی چوونەتە ئەورووپا. لە ساڵانی حەفتادا بووەتە سەرۆکی لقی نەمسای کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد.
د. عوبێد ئەفەندی ساڵانێک گەڕایەوە رۆژئاوای کوردستان و لەوێ خزمەتی دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسان و لەوێ چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ دیاسپۆرا گێڕایەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. عوبێد باسی ئەوەی کرد، چۆن بە ئامۆژگاریی کەسێکی نەمسایی چالاکییەکانی کوردی ئەو وڵاتە لە حەفتاکاندا لە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵێک و گوتارێک لە میدیای ئەوکاتی نەمسادا گۆڕاوە بۆ لۆبیکردن و دۆستایەتیی بڕیاربەدەستانی ئەو وڵاتە.
یەکێک لەوانەی د. ئەفەندی لە نەمسا ناسیویەتی نەوشیروان مستەفا بووە. باسی ئەوە دەکات چۆن نەوشیروان مستەفا لە زانکۆی نەمسا لە بەشی زانستە سیاسییەکاندا وەرگیراوە، بەڵام دەچێتە شاخەکانی نەمسا "بۆئەوەی ببێتە شوانی گامێش،" گوایە گوتوویەتی، دەیەوێت فێری سەختییەکانی چیا ببێت.
پاش تێکچوونی شۆڕشی کوردستان، دۆخی پەناهەندەکانی شۆڕش و سەرکردایەتییەکەشی لەژێر دەستی شای ئێران زۆر خراپ دەبێت. ئەوکات د. ئەفەندی و هاوڕێکانی هەوڵدەدەن و یەکەمین گرووپی ماڵباتە کوردە پەناهەندەکان لە ئێرانەوە وەکو پەنابەر دەگەیێننە نەمسا.
دەقی قسەکانی د. عوبێد ئەفەندی:
لە ساڵی حەفتاکان هاتمە ڤیەننا. کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە ڤیەننا لقی نەمسای هەبوو، بەڵام چالاکییەکانی کەم بوون. نەورۆزێکیان دەکرد و کوردەکان ئامادە دەبوون. ئەگەر بەیاننامەیەک لە کوردستانەوە دەهات، ئەو بەیاننامەیەیان دەخوێندەوە و دەڕۆیشتن، لەو کاتەدا کورد لێرە کەم بوون.
هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و لەو کاتەدا من بووم بە سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکاران - لقی نەمسا. بڕیارمان دا کە پێویستە مۆڵەتمان هەبێت تاوەکو بتوانین بە ئارەزووی خۆمان کار بکەین لە نەمسا. داوای مۆڵەتمان کرد و وەرمانگرت، رێکخراو بووین، بەڵام ئیمکانیاتمان کەم بوو، تەنیا سندووقێکی پۆستەمان هەبوو، پۆست فاخێکمان هەبوو، ژمارەی 160 بوو. کلیلێکم هەبوو، دەچووم دامدەخست، جار جار پۆستە دەهات، شت دەهات، ئیمکانیاتی دیکەمان نەبوو کە بارەگایەکمان هەبێت و شتی وا بکەین.
رۆژێک لەو رۆژانە پۆستکارتێک هات بۆ ئێمە کە نووسیبووی "من زۆر حەزم لە کورد و کوردستانە و دۆستی کوردم"، ئەگەر کاتتان هەیە، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەکەمە، تەلەفۆنم بۆ بکەن. تەلەفۆنم کرد، دەرکەوت ئەو کەسە بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی حیزبی سۆسیالیستی نەمساییە.
کەسێکی زۆر سپۆڕت بوو و زۆر حەزی لە کورد و کوردستان بوو، دەیویست یارمەتیمان بدات، ئەو فێری کردین چۆن کار بکەین؛ پێی گوتین: "هەر مانگێک دەبێت لەلای رۆژنامەڤانان شتێک لە رۆژنامەکاندا بڵاوبکەینەوە. ئەمە کەمە بۆ کاری سیاسی، پێویستە ببنە ئەندامی حیزبە سیاسییەکان، ببنە ئەندامی رێکخراوەکان، کار بکەن و لەگەڵ ئێمەدا پەیوەندی دروست بکەن."
لەو کاتەدا تەلەفۆنم بۆ تاریق ئاکرەیی کرد کە ئەو کاتە بەرپرسی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو لە بۆن، هەروەها بەرپرسی پارتییش بوو. گوتم: "کاک تاریق، دوو حیزبی دەبێت یان نابێت؟ ئێمە چی بکەین شتێکی وا هەیە؟" گوتی: "کاک عوبێد، ئەگەر خزمەتی کورد و کوردستان بکەیت هیچ کێشە نییە". گوتم: "کاکە ئەمەش بۆ کورد و کوردستانە، ئێمە چ کارمان بە سۆسیالیستی نەمساوی هەیە؟"
دابەشمان کرد، هاوڕێیەکمان هەبوو ناوی خەتا ئۆسۆ بوو، ئەو چوو بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤ، بۆ رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤ. ئاژانسی هەواڵی ئاستریا، من وەکالەتی رۆژنامەڤانیی نەمساوی و پەیوەندییەکانم لەگەڵیان دروست کرد. پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەیان دروست کرد.
لەو کاتەدا بینیم کاتێک هاتمە ئێرە، دۆخی ئابووریمان باش نەبوو. لە چاییخانەی خانەی خوێندکاران کارم دەکرد. لە ساڵی 1972 بوو، یەکشەممەیەک هاوڕێیەک هات بە رێکوپێکی و پیاڵەیەک چا و نانی خواست و پێشکێشم کرد. کاتێک خواردنەکە هات، گوتی: حیسابەکە چەندە؟ گوتم: حیساب نییە، تۆ میوانی ئێمەیت، تۆ خوێندکاریت و یەکەم جارە هاتوویتە ڤیەننا، ئێمە هیچ پارە وەرناگرین. گوتی: تۆ بۆ پارە وەرناگریت؟ تۆ کێیت؟ گوتم: وەڵڵا من کوردم. گوتی: کوردی؟ تۆ بارزانیت؟ گوتم: بەڵێ من بارزانیم. بەڕاستی بە دڵێکی خۆشەوە کە یەکێک گوتی بارزانی، ئێمە زۆر کەیفمان خۆش دەبوو. گوتم بەڵێ ئێمە بارزانین، لێرە خوێندکار پارە وەرناگرێت و لە ڤیەننا دەخوێنێت و پارە وەرناگرێت، گوتی ئێمە بە عادەتی کورد میوانێکمان بێت هیچ پارەی لێ وەرناگرین. وا بوو، گوتی پارە وەرناگرین. ئەمە کارتی منە، رۆژێک لە رۆژان ئەگەر شتێکت پێویست بوو وەرە لای من، لەوێ نەما.
رۆژێک لە دوای ئەوە من هایم لایتەرێکم هەبوو، ئەو لە خانەی خوێندکاران چاودێری خانەی خوێندکاران بوو، گوتیان یەکێکی وا هاتووە. گوتم ناوی چییە؟ گوتی نازانم، بەس کارتێکم هەیە، کە کارتەکەی پیشان دا گوتی دەزانی ئەمە کێیە؟ گوتی ئەمە بەرپرسی هەموو خوێندکارە بیانییەکانە لە نەمسا، ئەمە دەتوانێت هەر شتێک بکات، هەموو شتێک دەتوانێت بکات و تەواو، چووم لای ئەو پەیوەندییەکم لەگەڵی دروست کرد، پەیوەندییەکی بەهێز تاوەکو ساڵێک. من بانگهێشتی ماڵی خۆم کرد لەو کاتەدا، دیاریی بۆ هێنام، پاکەتێک بوو. پاکەتەکەم کردەوە، بۆینباخێک و کراسێک و قەمیسێکی وەکو دیاری پێدام، پەیوەندییەکی باشم لەگەڵی دروست کرد.
دوای ئەوە هاوینان دەهاتم لە نووسینگەکەی کارم دەکرد، ئەوان یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانیان ئیشی هاوینە دەدەن بە خوێندکاران. رۆژێک لە رۆژان تەلەفۆنێکم بۆ هات، ژنێک بوو گوتی: من کۆرسی عەرەبی لە زانکۆ دەخوێنم، بەڵام پێویستم بە کەسێکە بە عەرەبی قسەم لەگەڵ بکات. بێگومان ئێمە لە وڵاتانی عەرەبی دەژین، ئاسانترە یەکێک عەرەبی بزانێت. گوتم: بەڵێ مامۆستا هەیە.
لەو کاتەدا ئێمەش دۆخمان خراپ بوو، گوتم هەیە، مەوعیدێکمان دانا. چوومە لای ئەو، نزیکەی مانگێک وانەم پێدەگوت، هەفتەی 10 جار. گوایە دێت بۆ لای ئێمە لە چاییخانە دادەنیشین، گوتی: قەیناکە تۆ بێیتە ماڵی ئێمە؟ لە ماڵ ئاسانترە بۆ من و بۆ تۆش. گوتم: کێشە نییە. من چوومە ماڵ، کە چوومە ماڵ، هیچ کەس نەبوو لەوێ، پیاوێک هات مێردی ئەو بوو. دەرکەوت وەزیری دادی نەمسا، کریستیان برۆدا بوو، پەیوەندی دروستبوو، هاتووچۆ دروستبوو. ئەو دەهاتە لای خوێندکاران، دەهاتە ماڵی من، من دەچوومە لای ئەو.
ئەو پەیوەندییە لەگەڵ وەزیری داد بەهێز بوو، لەگەڵ خێزانەکەی بەهێز بوو، لەگەڵ دکتۆر کۆلەر، بەرپرسی خوێندکارە بیانییەکان بەهێز بوو، ئەوە من ناڵێم، لەو کاتەدا وەکو گوتم بە ئێمەی گوت: دەبێت ببنە ئەندامی حیزبەکان، ببنە ئەندامی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکی بەهێزمان دروستکرد.
هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ئێمە لەگەڵ نزیکەی سێ جەلالی و هەروەها کۆمەڵەش هەبوون. کۆمەڵەی خوێندەڤانی کورد لە کاتی خۆیدا کۆمەڵێکی سەربەخۆ بوو، ئێمەی پارتی تێیدا بووین، هەروەها جەماعەتی جەلالی هەبوون، کۆمیۆنیستی تێدا هەبوون، کۆک و کاژیکی تێدا هەبوون، هەموو کەس تێیدا هەبوو، بەڵام ئێمە بۆ کورد و کوردستان یەک دەست بووین، راجیایی هیچ نەبوو، حەقیقەت بۆ خزمەتی کورد و کوردستان، ئێمە یەک بووین بەس هەر کەسێک فکری سیاسیی خۆی هەبوو، ئەو بۆ خۆی بوو بۆ حیزبی خۆی بوو، بەس نەک بۆ کۆمەڵە و کاری نەتەوەیی.
رۆژێک لە رۆژان لە ساڵی 1973 دا کاک تارق تەلەفۆنی بۆ من کرد و گوتی: کاک عوبێد، برادەرێک هاتووەتە لای ئێوە، لە مەکتەبی سیاسیی پارتی نامەیەکم بۆ هاتووە کە کەسێک بەناوی نەوشیروان ئەمین هاتووە، لەکاتی خۆیدا نەوشیروان جەماعەتی جەلالی بوو، ئێستا وازی لە جەماعەتی جەلالی هێناوە، پێویستی بە هەرچییەک هەبووە یارمەتیی بدەن.
کاتی خۆی فوئاد مەلا مەحموود هەبوو، خەڵکی سلێمانی بوو، لە فوئادم پرسی یەکێک هاتووەتە ئێرە بەناوی نەوشیروان مستەفا ئەمین سەر بە کێیە؟ چونکە فوئاد جەلالی بوو، بە ئیعتیبار ئێمەش دەمانزانی نەوشیروان پارتییە، جەماعەتی ئێمەیە. ئێمە لێمان پرسی و نەوشیروانمان دۆزییەوە، چووینە زانکۆ و کۆرسی ئەڵمانیمان بۆ وەرگرت و لە پسپۆڕیی سیاسەت و ئابووری، کارەکانمان لە زانکۆ بۆ تەواو کرد و دواتر چووینە لای پۆلیسیش، هەروەها مافی مانەوەشمان بۆ دەستەبەر کرد، ئێمە هەموو کارەکانی ئەومان تەواو کرد و گوتمان کاک نەوشیروان ئێستا دەبێت دەست بە کۆرس بکەیت و ئیدی ئەویش دەبوایە دەست بە خوێندن بکات، بەڵام ئەو دەستی پێنەکرد، ناوچەیەک لێرە هەیە بەرزی و نزمییە، واتە زۆر چیا و شاخ و دۆڵی لێیە، چووە ئەوێ و بووە شوانی گامێشان، دەیگوت: دەبێت من فێری ژیانی قورس و زەحمەت بم.
سامی عەبدولڕەحمان یەکەم کەس بوو کاتێک مەلا مستەفا بارزانیی (رەحمەتی) شۆڕشی وەستاند لە ساڵی 1975 هاتە ئەورووپا، کاک تاریق گوتی: "دۆخەکە زۆر خراپە و داوامان لە حکومەتەکان کرد پەنابەرانی کوردستانی عێراق وەربگرن، بەڵام هیچ کەسێک وەرینەگرتین." سەرکردایەتیی گشتی لە ئێران چاودێری دەکران و هیچ جووڵەیەکیان پێ نەدەکرا، دوای گەڕانەوەم لە کۆنگرە لە 1975، هاوڕێیەکم کە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوو لە نەمسا، پرسیی: چۆنە دۆخەکە؟ گوتم: "دۆخەکە خراپە." گوتی: ئێمە چیمان پێدەکرێت بۆ ئێوە بیکەین؟ گوتم: سەرکردایەتیی پارتی دەیانەوێت پەنابەری سیاسی وەربگرن.
بەیانی چووینە لای برۆنۆ کرایسکی، کە لەو کاتەدا سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی نەمسا و راوێژکاری نەمسا بوو. بەبێ دواکەوتن چووینە لای کرایسکی، لەسەر مێزەکەی هەستا و هاتە لام. هاوڕێکەم مەناخێم کە بەرپرسی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو لە نەمسا، دەستی بە شیکردنەوەی دۆخی کورد کرد. کرایسکی گوتی: پێویست ناکات شیکردنەوە بکەیت، من دۆخی کوردان باش دەزانم، "ئێمە چیمان پێدەکرێت بۆ ئێوە بیکەین؟" گوتمان دۆخەکە ئەوەیە کە سەرکردایەتیی پارتی و مەلا مستەفا و خێزانی مەلا مستەفای رەحمەتی هەموویان لە ئێرانن و لەژێر چاودێریی دەزگای ئاسایش و ساواکی ئێرانن، هیچ جووڵەیەکیان پێناکرێت. ئێمە دەمانەوێت ئەم کەسانە پەنابەریی سیاسی لە نەمسا وەربگرن، ئەمە کێشەکەیە.
چووینە لای فیشەر لە کلوبی فیشەر ئۆپمان کە سەرۆکی پەرلەمانی پارتی سۆسیالیست بوو. چووین چاوەڕێی دەکرد. گوتی: با تێبگەم، ئەمڕۆ ئێوارە کۆبوونەوەی پەرلەمان هەیە، ئێمە مەسەلەی کورد و پەنابەری کورد دەخەینە بەر باس، باشترە بچینە لای پارتی ئۆپۆزیسیۆن (گەل) کە حیزبێکی نوێ بوو. تەلەفۆنی بۆ سکرتێریان کرد و گوتی ئامادەیە. من و مەناخێم چووینە لایان. بەبێ شیکردنەوە گوتی: من مەسەلەی کورد دەزانم و حەزم لە کورد و مەلا مستەفا هەیە، مەلا مستەفا نیشتمانپەروەرە و ئێمە ئەمشەو بڕیار دەدەین بە یەک دەنگ پەنابەری کورد لە نەمسا وەربگرین.
سوپاسم کرد و دەرچووین. کاژێر 07:30ی ئێوارە لە هەواڵەکانی رادیۆی ئێر ئێف تییەوە بیستمان کە بە یەک دەنگ پەرلەمانی نەمسا بڕیاری دا 150 خێزانی کورد وەکو پەنابەری سیاسی لە نەمسا وەربگیرێن.
هەواڵمان دایە تاریق و ئەویش هەواڵی دایە دکتۆر شەفیق قەزاز کە لەو کاتەدا بەرپرسی پەنابەران بوو لە تاران. داوامان لێکرد لیستێک ئامادە بکات بۆ پەنابەری. دواتر هەواڵ هات کە ئەو پەنابەرانەی دێن، هیچ پاسپۆرت و بەڵگەنامەیەکیان نییە. گەڕاینەوە لای برۆنۆ کرایسکی، گوتی: هیچ کێشە نییە، تەنیا پێویستە لە کاتی خۆیدا مۆڵەتی هاتووچۆیان لە تاران بۆ دروستبکرێت و ناوەکانیان بدەنە ئێمە.
لە سەرەتای ساڵی 1976 کاک سامی عەبدولڕەحمان هاتە ئێرە، رۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: "کاک عوبێد، من لە فڵان شوێنم و دەمەوێت تۆ ببینم." تەلەفۆنەکەی لە تاریق ئاکرەیی وەرگرتبوو. لە رێگای تاریقەوە بینیم، تاریق گوتی: ئەوە سامییە، بینیم. پرسیم: بۆ پەنابەری؟ گوتی: بەڵێ. تەلەفۆنمان بۆ هاوڕێکەمان مەناخێم کرد و گوتمان: وەرە با بچینە لای کرایسکی. رۆژی دواتر کاک سامی و من چووین، چووینە لای و گوتمان: ئەمانە کوردن. سامی کە وەزیری پێشووی کورد بوو، سامی عەبدولڕەحمان، زۆر گرنگیی پێدا. لیژنەیەکیان دروستکرد لە وەزیرانی ناوخۆ، دەرەوە و داد، دکتۆر کۆلەر کە دۆستمان بوو، کۆیکردنەوە. کۆبوونەوەکەمان لەلای کرایسکی لە وەزارەتی داد بوو. ئەوان بڕیاریان دا هەموو کورد، هیچ بەڵگەنامە و شایەتی و هیچ شتێکیان ناوێت، تەنیا شتی گرنگ بەڵگەنامەیەکە لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد، مستەفا گۆران لەگەڵ کوڕەکەی لە ساڵی شەستەکان لە کۆلێژی پزیشکی دەیخوێند. کۆمەڵە مۆر و واژۆی بکات، ئەوە قبووڵە و تەواوە.