یەکێتیی خانەنشینان: ئەگەر دامەزراندن دەستپێنەکات، کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی زیانی لێدەکەوێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی سوودی هەیە، ئەگەر دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان دابمەزرێندرێن". سادق عوسمان بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر خانەنشینان وەک عێراق مافەکانیان پێبدرێت، خۆیان داوای خانەنشینبوون دەکەن" و داواشیکرد، شێوازی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان چارەسەر بکرێت. 
 
رۆژی شەممە، 18-1-2024، سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 میوانی (رۆژی هیوا جەمال) بوو و گوتی، بڕیارەکە وەک هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینیی عێراق و گوتی: "لە 2014ـەوە داوا دەکەین ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت". 
 
سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2025 لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پاڵپشت بە رێكارەكانی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە (9)ی هەمواركراوی ساڵی 2014، چەند بڕیارێكی لەبارەی خانەنشیكردنەوە دەركرد. بەپێی فەرمانەكە، هەر فەرمانبەرێك تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم كراوەتەوە.
 
لەبارەی سوودەکانی ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت:"ئەگەر خانەنشینکردن لە 60 ساڵی ببێتەهۆی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، خاڵێکی ئەرێنییە، چونکە توانای گەنج دێتە نێو فەرمانگەکانەوە؛ هەروەها ئەگەر تەواوی مافەکان بدرێتە خانەنشین وەک عێراق، پێم وایە کەسانێک خۆیان داوای خانەنشینبوون دەکەن. بەڵام ئەگەر دامەزراندن نەبێت و شوێنی ئەو کەسە ئەزمووندارانە پرنەکرێتەوە، هەنگاوەکە بە زیان دەشکێتەوە". 
 
تاوەکو ئێستا خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە دەست مووچەکانیان وەردەگرن و ئەوەش وایکردووە لە بانکەکان نۆرەیەکی زۆر دروست بێت. 
 
سادق عوسمان رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی نەیتوانیوە کێشەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان چارەسەر بکات و دەڵێت: "لە 2014ـەوە هاوار دەکەین، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، بەتایبەتی بۆ خانەنشینان کە جاری وا هەیە دوو رۆژ لەسەریەک لە نۆرە دەوەستن. لە هیچ شوێنێک ئەم شێوەی دابەشکردنە نییە. داوا دەکەین مووچەی خانەنشینان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بدرێت".