سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی سووریا: هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە رابگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پەیامێکی نوێی لەبارەی "گۆڕانکارییەکانی سووریا" بڵاوکردەوە و داوای هیوای خواست کە "بەزووترین کات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە رابگیرێن."
رۆژی یەکشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2026، بارەگای بارزانی پەیامی سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە. لەدوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی سەرۆک بارزانی و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا لە پیرمام، ئەمە یەکەمین پەیامی سەرۆک بارزانییە.
سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لەگەڵ نێردەی ئەمریکا لە سووریا بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە و سەرۆکی ئەنەکەسە بە "گرنگ" ناودەبات و دەڵێت: "هیوادارین هەموولایەك بۆ ئەو رێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون."
سەرۆک بارزانی مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەبارەی مافەکانی کورد بە "هەنگاوێکی ئەرێنی و ئاراستەی دروست" ناودەبات.
هەر لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی هیوا دەخوازێت ئەو هەنگاوە ببێتە "زەمینەیەک بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوڵەمەند بکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت."
هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوڵەمەند بکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستوری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.