کشتوکاڵی راپەڕین: جووتیاران فۆرمی 'هەژماری من' پڕبکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت، پێویستە ئەو جووتیارانەی گەنم دەچێنن، فۆرمی 'هەژماری من' پڕبکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم ساڵ لە رێگەی سیستمی بانکییەوە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026 خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕين لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە سەرجەم جووتیارانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی کردەوە، کە ئەم ساڵ گەنمیان چاندووە، فۆرمی 'هەژماری من' پڕبکەنەوە.
خالید ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە پێویستە جووتیاران سەردانی فەرمانگەکانی کشتوکاڵ بکەن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ''لەوێوە نووسراویان بۆ دەکرێ بۆ بانک، دواتر بایۆمەترییان بۆ دەکرێ و فۆرمی هەژماری منیان بۆ پڕ دەکرێتەوە.''
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین، پڕۆسەکە تاوەکو 01-03-2026 بەردەوام دەبێت، ''جووتیاران پەلە بکەن، بۆ ئەوەی [ئەم ساڵ] بێبەش نەبن لە رادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکان.''
خالید ئەحمەد ئامانج لە پڕۆسەکە، بۆ کەمکردنەوەی هەڵە و خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران دەگەڕێنێتەوە.
ئەگەر جووتیاران لە 'هەژماری من' تۆمار بکرێن، دەتوانن لە ئامێرەکانی (ATM) شایستەکانیان وەربگرن. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، بۆ تەواوکردنی مامەڵەکە، جووتیارەکە پێویستی بە دوو وێنە، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیارییە.
پار پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 10ـی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ی تەممووز بەردەوام بوو؛ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت، لەکاتێکدا ساڵی 2024، 700 هەزار تۆنی وەرگرتبوو.
بەپێی دوایین ئامارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من'، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان وەردەگرن گەیشتووەتە 630 هەزار مووچەخۆر و خانەنشین.