عێراق کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانی راگەیاند؛ "ئەوەی لە هەولێر دەمێنێتەوە بۆ کاروباری سووریایە"

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق بە فەرمی کۆتاییهاتنی قۆناخی یەکەمی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و چۆڵکردنی تەواوەتیی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق راگەیاند، دەڵێت: "مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر بۆ پشتیوانیکردنە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، لیژنەی باڵای سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پڕۆسەی دەرچوونی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە سەرجەم ئەو بنکە و بارەگایانەی دەکەونە سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی (نێوەڕاست و باشووری عێراق) تەواو بووە، دوایین ژمارەی راوێژکارەکان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کشاونەتەوە و ئێستا ئەو شوێنانە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکان دایە.
 
قۆناخێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا
 
لیژنەکە ئاماژەی بەوە داوە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە ئەمڕۆوە دەچێتە قۆناخێکی نوێوە، ئەو قۆناخە بریتییە لە "پەیوەندیی ئەمنیی دوولایەنە، لەم قۆناخەدا کار بە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن دەکرێت بۆ پڕچەککردن، مەشق و راهێنان و مانۆڕی سەربازیی هاوبەش، بە مەبەستی هێشتنەوەی ئامادەیی هێزە عێراقییەکان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بۆ هەموو جیهانی دووپاتدەکەینەوە داعش چیدیکە مەترسییەکی ستراتیجی نییە و هێزەکانمان توانای تەواویان هەیە رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەن".
 
هەولێر و ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا
 
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و دۆسیەی سووریا، لیژنە باڵاکەی عێراق رایگەیاندووە قۆناخی دووەمی ئەرکەکە تایبەت دەبێت بە دۆسیەی سووریا.
 
لیژنەکە دەڵێت: "هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ بنبڕکردنی داعش لە سووریا، جەخت لە رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکەینەوە لە پێشکێشکردنی پشتیوانیی لۆجیستی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان لە سووریا، ئەوەش لەرێگەی بوونیان لە بنکەیەکی ئاسمانی لە هەولێر".
 
لیژنەکە روونیکردووەتەوە لە "لەکاتی پێویستدا" سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەدەوە ئۆپەراسیۆن دژی داعش دەکەن.
 
ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراق وەکو بەشێک لە جێبەجێکردنی ئەو خشتە کاتییە دێت لە ئەیلوولی 2024 بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان دیاریکرابوو.
 
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق جێگیرکران. ئەمریکا سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەکە دەکات.