بەڵگەیەکی مێژوویی؛ کۆمەڵەی نەتەوەکان لە 1924دا چۆن باسی "رۆژئاوای کوردستان" و سنوورەکانی دەکات؟
رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەنامەیەکی دەگمەن کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، وردەکاریی ئەو راپۆرتە سیاسی و جوگرافییە دەخاتە روو کە کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم) سەبارەت بە کێشەی سنوورەکانی نێوان تورکیا و عێراق ئامادەی کردووە.
ئەم راپۆرتە کە لە 30ـی ئەیلوولی 1924دا لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکان نووسراوە، بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکان بۆ تێگەیشتن لە پرسی ویلایەتی مووسڵ و ناسنامەی نەتەوەیی ناوچەکە دادەنرێت.
جیاکردنەوەی کوردستان لە ئەنادۆڵ
لە لاپەڕە 30ـی ئەم راپۆرتەدا، کە لە بەغدا چاپ کراوە، باسی ناسنامە و ناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکرێت. راپۆرتەکە بە راشکاوی رەخنە لە تورکیا دەگرێت کە هەوڵ دەدەن ناوی "ئەنادۆڵ" بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنن کە لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە بە کوردستان دەناسرێن.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو ناوچە شاخاوییانەی جێگەی بایەخی لیژنەکەن، هەمیشە ناوی "کوردستان"یان هەڵگرتووە، لە کاتێکدا ناوچە نزمەکان بە دیاربەکر و جەزیرە ناوبراون."
سایکس-پیکۆ و دابەشکاریی ئینگلیز و فەرەنسا
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر رێککەوتنی سایکس-پیکۆ و باس لەوە دەکات کە چۆن ئەو رێککەوتنە ناوچەکەی دابەش کردووە. بەپێی بەڵگەنامەکە، لەو سەردەمەدا کەرکووک و سلێمانی وەک بەشێک لە عێراق دیاری کرابوون، لە کاتێکدا مووسڵ و هەولێر بەپێی هەندێک نەخشەی ئەو کاتە وەک بەشێک لە سووریا (لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسا) ئەژمار کرابوون. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم دابەشکارییانە زیاتر سیاسی بوون و رەچاوی راستییە مەیدانییەکان نەکراوە."
جوگرافیای "نێوان دوو رووبار"
لێژنەی کۆمەڵەی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی سنوورەکان، پشتی بە چەندین سەرچاوەی مێژوویی وەک "دایەرەتولمەعاریفی بەریتانی" و نەخشەی عوسمانییەکانی ساڵی 1848 بەستووە.
راپۆرتەکە باس لە ناوچەی نێوان دوو رووبار یان 'مێزۆپۆتامیا' دەکات و دەڵێت، "سنوورەکانی لە روژهەڵاتەوە لە دەشتەکانی سەر رووباری دیجلەوە دەستپێدەکات و لە باکووریشەوە دەگاتە ئەو چیا و بەرزاییانەی کە دەکەونە نێوان هەردوو رووبارەکە.
رەتکردنەوەی بانگەشەکانی تورکیا
یەکێک لە خاڵەکان، وەک لە دەقە رەنگکراوەکەی بەڵگەنامەکەدا دەردەکەوێت، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە "روژئاوای کوردستان" و سووریا لە یەکدی جیاوازن.
راپۆرتەکە بە تووندی وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە دەیانەوێت مێژوو بشێوێنن و ناوی "تۆرکۆمانیا" یان ناوە نادروستەکانی دیکە بۆ ناوچەکە بەکاربهێنن.
لێژنەکە دوای لێکۆڵینەوە لە هەموو سەرچاوەکان دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە "هیچ بەڵگەیەک نییە پشتگیری لە بانگەشەی تورکیا بکات بۆ لکاندنی ئەو ناوچانە بە خاکی خۆیەوە لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان مێژوویی."
ئەم بەڵگەنامەیە وەک ناسنامەیەکی یاسایی بۆ سەلماندنی مێژووی خاکی کوردستان دەمێنێتەوە، کە لە کاتێکی هەستیاردا و لە لایەن باڵاترین دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی ئەو سەردەمە (کۆمەڵەی نەتەوەکان) نووسراوەتەوە.