زانیاری لەبارەی ئەو گوتاربێژانەی سلێمانی و کەلار کە بە تۆمەتی سووکایەتی بە شەڕڤانان دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو گوتاربێژی ئایینی لە سلێمانی و کەلار دوێنێ بە تۆمەتی هێرش دژی شەڕڤانان و پەسندانی سوپای عەرەبیی سووریا دەستگیرکران. بەگوتەی بەرپرسانی ئەوقاف، هەردوو مامۆستاکە لە ئاسایشی سلێمانی راگیراون.
 
لەکاتی گوتاری هەینیی رابردوودا لە مزگەوتی بەختەوەری لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی و مزگەوتی دایک لە کەلار گرژی دروستبوو، ئەویش دوای ئەوەی نوێژخوێنان گوتاربێژەکانیان بە هێرش دژی شەڕڤانان و پەسندانی سوپای عەرەبیی سووریا تۆمەتبار کرد، دوێنێ هەردوو گوتاربێژەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
 
گوتاربێژەکەی سلێمانی ناوی (هەڤاڵ فارس)ە. هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو گوتاربێژە لە دوێنێوە لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
 
دوای رووداوەکە، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، "بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، گوتاربێژەکە گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر کوردانی رۆژئاوا بەکارهێناوە. بەگوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە."
 
هاوژین رەئووف گوتی، "دیارە لەلایەن خەڵکەوە سکاڵا دژی گوتاربێژەکە تۆمار کراوە، بۆیە راگیراوە. دوای ئازادبوونی بەگوێرەی یاسا ئەوقاف بڕیار لە چارەنووسی دەدات."
 
شێرکۆ کەریم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی دایک لە کەلار هەینی بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرا.
 
مەلا ئیدریس ژاڵەیی، بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مامۆستا شێرکۆ لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
 
ژاڵەیی بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی مەلا شێرکۆ کردووە و دەڵێت، "ئاسایش گوتیان قسەی جیاواز لەبارەی گوتارەکەیەوە دەکرێت و دەبێت سەیری ڤیدیۆکان بکەینەوە، رووداوەکە ئاسایی بووە و دوای لێکۆڵینەوە بڕیار لە دۆسیەکەی دەدرێت."
 
بەگوتەی بەرپرسی لقی یەکێتی زانایان لە گەرمیان، "پێدەچێ لەگەڵ کردنەوەی دەوامدا ئەمڕۆ یەکشەممە رێکارەکانی تەواو بکرێن و ئازاد بکرێت."
 
دەستگیرکردنی ئەو دوو گوتاربێژە بە تۆمەتی قسەکردن دژی شەڕڤانان و پەسندانی سوپای عەرەبیی سووریا لەکاتێکدایە، 6ی ئەم مانگە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب و تاوەکو ئەمڕۆ ئاڵۆزییەکان لەو ناوچانە بەردەوامە و بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کورد، دەیان هەزار هاونیشتمانیش ئاوارەبوون.