ئەمینداری یەکگرتوو دەڵێت، بڕیارەکەی هەسەدە و مەرسومەکەی شەرع 'جێی دەستخۆشین'

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری "کشانەوە"ی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە چەند ناوچەیەکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و مەرسوومی ئەحمەد شەرع بۆ "ماف"ەکانی کورد دەکات.
 
سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، "پاش ئەو ئاوارەیی و ستەمەی ئێخەی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی گرتەوە لە حەلەب، سێ پێشهاتی ئەرێنی روویدا کە جێگەی دەستخۆشی و نرخاندنن."
 
ئەمینداری یەکگرتوو سێ پێشهاتەکەی لەم سێ خاڵەدا خستووەتەڕوو:
 
‏- بڕیاری (خۆسەر)ی [بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا] بۆ راگرتنی جەنگ و کشانەوە.
 
- مەرسوومی [ئەحمەد شەرع] سەرۆکی [کاتیی] سووریا سەبارەت بە پێگەی کورد ومافەکانی.
 
- ‏جووڵەی دیپلۆماسی و دیداری راستەوخۆ.
 
راگەیێندراوەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دوای ئەوە دێت، لە 6ی ئەم مانگەدا سوپای عەرەبیی سووریا پەلاماری هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبی دا، وێڕای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە فەرمی، هێرشەکانی ئەو سوپایە دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە و رانەگیراوە.