پێشبینییەکان؛ بەفر و باران و سەرمای تووند هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نیوەڕۆی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، سێشەممە و چوارشەممەش بەهۆی سەرماوە بەستنی شەقام دروست دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، نزمترین پلەی گەرما لەم هەفتەیەدا تۆمار بکرێت، کە پێشبینی دەکرێت 15 پلە ژێر سفر بێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026 کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاریگەریی شەپۆلێکی بەفر و باران سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و دوای نیوەڕۆ دەگاتە سەرجەم ناوچەکانمان."
 
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "ئەمڕۆ نمەبارانی پچڕپچڕ و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە بەرزەکان بەفر دەبارێت."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی دابەزیوە، سەنتەری هەولێر 9 پلەی سیلیزی دەبێت، لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە پلەی گەرما 8 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەوە کەشناسی دەڵێت، "شەپۆلی بارانبارین لە تەواوی ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت. لەگەڵ بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ."
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلەکە بەگشتی بارانی مامناوەند بۆ باش دەبێ جگە لە گەرمیان کە کەمتر دەبارێت. شەپۆلەکە تاوەکو دووشەممەیە و سێشەممە لاواز دەبێ و چوارشەممە کۆتایی دێت."
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "سێشەممە و چوارشەممە چەقی سەرمای ئەم مانگە دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی وەکو حاجی ئۆمەران پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی 15 پلە ژێر سفر؛ لە سەنتەری پارێزگاکانیش نزیک دەبێتەوە لە سفر و ژێر سفر پلەی سیلیزی."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "بەهۆی کاریگەریی ئەم شەپۆلەوە پلەی گەرما بە چەند پلەیەک نزم دەبێتەوە بە تایبەت لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و ئەگەری دروستبوونی شەختە دەبێت لە بەیانیاندا."
 
کەشناسی رایگەیاندووە، بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 7 پلەی سیلیزی
پیرمام: 3 پلەی سیلیزی
سۆران: 5 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 1 پلەی سیلیزی     
سلێمانی: 6 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە:6 پلەی سیلیزی 
دهۆک: 5 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 6 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 7 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 8  پلەی سیلیزی