چالاکڤانێکی کورد: 40 هەزار کەس لە رەققە و تەبقە ئاوارەی حەسەکە بوون
رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە نزیکەی 40 هەزار کەس لە هەردوو ناوچەی تەبقە و رەققە ئاوارەبوون و چوونەتە حەسەکە.
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانەوە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی دیمەشقەوە لە دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 40 هەزار کەس لە تەبقە و رەققە ئاوارە بوون و هاتوونەتە حەسەکە."
بە گوتەی شێخۆ، بەهۆی نەبوونی جێگەوە بەشێکی ئاوارەکان لە حەسەکەوە گواستراونەتەوە بۆ شاری دێرک.
شیخۆ گوتی، "گەڕەکەکانی شاری تەبقە بەدەستی شەڕڤانانی هەسەدەوەن و بەشێکی شارەکە و گوندەکانی چەتەکانی تێدان؛ ئێستاش شەڕ بەردەوامە".
لەبارەی رەققەوە ئەو چالاکڤانە گوتی، "رەققە تاوەکو ئێستا لەدەستی هەسەدە دایە و هێزەکانی دیمەشق جگە لە چەند گوندێک، نەیانتوانیوە بگەنە شارەکە."
رۆژی 6ی ئەم مانگە سوپای عەرەبیی سووریا بە پەلاماردانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب شەڕی دژی هێزە کوردییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەستپێکرد و وێڕای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چەند ناوچەیەک، ئەوان بەردەوامییان بە هێرشەکانیان دا و هێزەکانی هەسەدەش وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە بانگەوازێکدا چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاند و داوای لە گەنجانی رۆژئاوای کوردستان کرد، شەڕی مان و نەمان بکەن.