تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی جەیهان كێشەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات
رووداو - ئەنقەرە
سەرۆكی كۆمەڵەی پەیامنێرانی ئابووریی لە ئەنقەرە لەبارەی تەقاندنەوەی بۆریە نەوتییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دەڵێت، تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی جەیهان كێشەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات و پاراستنی بۆرییەكەش ئەركێكی قورسە.
تورگای توركەر، سەرۆكی كۆمەڵەی پەیامنێرانی ئابووریی لە ئەنقەرە لەكاتی بەشداریكردنی لە كەشتی هەواڵەكانی كاژێر 8ی رووداو، رایگەیاند، پاراستنی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، بۆ هێزە ئەمنییەكانی توركیا ئەركێكی قورسە، چونكە بۆرییەكە زۆر درێژە و ناكرێت بەردەوام چاودێری بكرێت.
توركەر پێشبینی كرد، ئەو هێرشە یەكەم و كۆتا هێرش نەبێت بۆ سەر ئەو بۆریە نەوتییە، چونكە وەك خۆی گوتی "ئەو حاڵەتانەی لە هەموو جیهاندا روودەدەن".
لەبارەی ئەوەی چەند جارێكە لەو ناوچەیە بۆرییەكە دەكەوێتە بەر تەقینەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی پەیامنێرانی ئابووریی گوتی "ناحەقییە ئەگەر بڵێین توركیا رێوشوێنی ئەمنی ناگرێتەبەر، بەڵام ئەگەری هێرش هەمیشە كراوەیە و ئەو پرسەش لە هەموو جیهاندا وایە".
تورگای توركەر راشیگەیاند، وەستاندنی هەناردەی نەوت بۆ توركیا، گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات، چونكەی نرخی نەوت دابەزیووە و راگرتنی هەناردەی نەوت هێندەی دیكە قەیرانی دارایی قوڵتر دەكاتەوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە رۆژی سێشەممە 16-2-2016 هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کورستان لەرێی بۆرییەوە بەهۆی هێرشکردنە سەری لە نزیک روحا لە باکووری کوردستان وەستاوە.
هاوكات كۆما جڤاكێن كوردستان KCK رایگەیاند كە ئەوان دژی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیان لەسەر هەناردەكردنی گازی سرووشتی بۆ توركیا، چونكە ئەو رێككەوتنە توركیا بەهێز دەكات.